هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی ئێران لە شەوی هەینییەوە تا بەیانی ئەمڕۆ شەممە ٨ی خاکەلێوە، بە بێوەستان بەردەوام بوون و بەپێی ڕاپۆرتە نێوخۆیییەکان، تاران و چەند شاری دیکە بەچڕی بۆمباران کران.
لە تاران، دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە ناوچەکانی ١، ٤، ٩ و ١٨، لەوانە دەوروبەری زانکۆی "عیلم و سەنعەت"، فڕۆکەخانەی مێهرئاباد و گەڕەکەکانی پاسداران و نۆبنیاد بیستراوە.
هاوکات لە کەرەج، شارۆچکەی پیشەسازیی خەیرئاباد لە ئەراک، تۆپخانەی ٤٤ی ئیسفەهان و کارگەی پۆڵای کەویری کاشان کراونەتە ئامانج.
ئەرتەشی ئیسرائیل بە فەرمی پشتڕاستی کردەوە کە کارگەی ئاوی قورسی خەنداب لە ئەراک و بنکەکانی بەرهەمهێنانی مووشەکی بالستیک و سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی تاران و ڕۆژاوای ئێرانیان پێکاوە.
کۆمەڵگەی ئاوی قورسی ئەراک کە بە "خەنداب" ناسراوە، یەکێکە لە دامەزراوە ئەتۆمییە گەورەکانی ئێران و لە ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی ئاوی قورسە.
ئەم کۆمەڵگەیە پێشتریش لە کاتی شەڕی دوازدە ڕۆژەی ئیسرائیل و ئەمریکا دژی ئێران، کرابووە ئامانجی هێرشەکان.
هەروەها کارگەی بەرهەمهێنانی "کیکی زەرد"ی ئەردەکان لە یەزد کە بە وتەی ئەرتەشی ئیسرائیل تەنیا کارگەی ئێران لەو بابەتە بووە، کراوەتە ئامانج.
لەو کارگەیە، ئەو ماددە خاوانەی لە زەوی دەردەهێنرێن، دەخرێنە بەر پرۆسەی میکانیکی و کیمیایی تا وەکوو لە قۆناغەکانی دواتردا وەک ماددەی سەرەتایی بۆ پیتاندنی ئۆرانیۆم بەکاربهێنرێن.