لە ئاکامی هێرشی مووشەکی شەوی ڕابردووی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر وڵاتانی ناوچەدا، ١٢ سەربازی ئەمریکایی لە بنکەیەکی ئاسمانی عەرەبستان بریندار بوون.
بەرپرسێکی ئەمریکایی پشتڕاستی کردەوە کە لە نوێترین هێرشی مووشەکیی ئێران بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی "ئەمیر سوڵتان" لە عەرەبستان، ١٢ سەربازی وڵاتەکەی بریندار بوون کە باری تەندروستی دوو لەو سەربازانە نالەبارە.
هاوکات ڕۆژنامەی "واڵ ستریت ژوورناڵ" ئاشکرای کردووە کە لەم هێرشەی ڕۆژی هەینیدا، زیان بە چەندین فڕۆکەی سووتەمەنیبەری ئەمریکایی کەوتووە.
هەر لەو پەیوەندییەدا، فەرماندەیی ناوەندیی ئەرتەشی ئەمریکا (سێنتکام) ئاماری کۆی گشتیی زیانە گیانییەکانی لە ماوەی یەک مانگی شەڕ لەگەڵ ئێران بڵاو کردەوە.
بەپێی ئامارەکان، تا ئێستا ٣٠٣ سەربازی ئەمریکایی بریندار بوون کە ٢٧٣ کەسیان دوای چارەسەر گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان، بەڵام ١٠ سەرباز هێشتا لەژێر چاوەدێریی وردی پزیشکیدان.
هەروەها سێنتکام گیانلەدەستدانی ١٣ سەربازی دیکەی لەم ماوەیەدا پشتڕاست کردووەتەوە، کە ٧ کەسیان لە کەنداو و ٦ کەسەکەی تریان لە خاکی عێراقدا کوژراون.