کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی دەرەوەی ئێران کوژرانی شەش ئەندامی باڵای سپای پاسدارانی لە لوبنان پشتڕاست کردەوە

11:09 - 8 خاکەلێوه 2726

وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی هەینی بڵاو کرایەوە، بە فەرمی کوژرانی شەش ئەندامی باڵای سپای پاسدارانی لە خاکی لوبنان پشتڕاست کردەوە.

سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم ئەم کەسانەی وەک دیپڵۆمات ناساندووە، بەڵام لەو وێنە و پۆستێرە فەرمییانەی لە میدیاکانی نێوخۆی ئێراندا بڵاوکراونەتەوە، هەر شەش کەسەکە بە جلی فەرمی سپای پاسدارانەوە دەرکەوتوون.

لەسەر پۆستێرەکان ناوی "سپای مەهدی" هاتووە و ڕێکەوتی کوژرانیان بۆ ١٧ی ڕەشەمەمەی ساڵی ڕابردوو دەگەڕێتەوە. کوژراوەکان پێکهاتوون لە: محەمەد ڕەزا مووسەوی، عەلی ڕەزا بێ‌ئازار، مەجید حەسەنی کەندەسر، حوسێن ئەحمەدلوو، ئەحمەد ڕەسوولی و ئەمیر مورادی.

ئەم ڕاگەیاندنەی تاران دوای ئەوە دێت کە پەیوەندییە دیپڵۆماتیکەکانی نێوان تاران و بەیرووت تووشی گرژییەکی بێوێنە بووە. ڕۆژی چواری خاکەلێوە، وەزارەتی دەرەوەی لوبنان ڕایگەیاند کە ڕەزامەندیی خۆی بۆ دەستبەکاربوونی "محەمەد ڕەزا شەیبانی" وەک باڵیۆزی نوێی ئێران کشاندووەتەوە و وەک "کەسی نەخوازراو" ناساندوویەتی.