وەزارەتی بەرگریی ئیمارات هاوکات لەگەڵ بڵاوکردنەوەی وردەکاریی هێرشەکانی ڕێژیم دژ بەو وڵاتە و چۆنیەتیی بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشانە، ڕایگەیاند زۆربەی نزیک بە تەواوی هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی ڕێژیمی تارانی پووچەڵ کردووەتەوە.
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات لە بەیاننامەی ڕۆژی سێشەممە ١٢ی ڕەشەمەدا ڕایگەیاند لە چوارەمین ڕۆژی شەڕدا، لە کۆی ١١ مووشەکی بالستیک و ١٢٣ دڕۆنی هاویشتراو لە ئێرانەوە، تەنیا یەک مووشەک کەوتووەتە خوارەوە و زیانێکی نەبووە.
بە گوێرەی ئەو بەیاننامەیە، لە سەرەتای هێرشەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە، ١٨٦ مووشەکی بالستیک بەرەو ئەو وڵاتە هاویشتراون و سیستمی دژە ئاسمانیی ئەو وڵاتە ١٧٢ مووشەکی لە ئاسماندا تێک شکاندووە.
زانیارییەکان دەرخەری ئەوەن کە ئەو ١٣ مووشەکەش یان لە زەریا یان لە خاکی ئەو وڵاتەدا کەوتووتە خوارەوە و زیانیان نەبووە.
هەروەها لەو هێرشانەدا، ڕێژیم ٨١٢ دڕۆنیشی بۆ ئیمارات ناردووە و لەو ڕێژەیەش تەنیا ٧٥ دڕۆن توانیویانە ئاماجەکانیان بپێکن.
هەروەها وەزارەتی بەرگریی ئیمارات ئاماژەی بەوە کرد کە ٨ مووشەکی کروزیش بەکار هێندراوە و زیانێکی ئەوتۆیان نەبووە.
ئەو وەزارەتەی ئیمارات وێڕای مەحکوومکردنی ئەو هێرشانە، ئەو هەوڵانەی ڕێژیمی وەک پێشێلکردنی سەروەریی میللی و یاسای نێونەتەوەیی زانی و پێداگریی لەسەر ئەوە کرد کە ئەو وڵاتە پاراستنی خەڵکی خۆی و بەرپەرچدانەوەی هەر هێرش و مەترسییەک بە مافی ڕەوای خۆی دەزانێت.