لە ئەنجامی زیادبوونی هێرش و گرژییە ناوچەیییەکان، نیشانەکانی گۆڕانکارییەکی واتادار لە سیاسەتی وڵاتانی کەنداودا بەرامبەر بە ئێران دەبینرێت؛ گۆڕانکارییەک کە بە شێوەیەکی خێرا ئەم وڵاتانەی لە ئەمریکا نزیکتر کردووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی "فاکس نیوز"، لە ساڵانی ڕابردوودا، وڵاتانی وەک عەرەبستان و ئیمارات هەوڵیان دەدا بە پاراستنی پەیوەندییە دیپلۆماتیک و ئابوورییەکان لەگەڵ تاران، لە ململانێی ڕاستەوخۆ دوور بکەونەوە، بەڵام فراوانبوونی ئەو هێرشانەی دەدرێنە پاڵ ئێران، مەودای بێلایەنیی سنووردار کردووە و ئەم وڵاتانەی ناچار کردووە پێداچوونەوە بە ستراتیژیی خۆیاندا بکەن.
یەکێک لە نیشانە گرینگەکانی ئەم وەرچەرخانە، ئەو ڕاپۆرتانەیە کە باس لە پێدانی دەسەڵاتی دەستڕاگەیشتنی هێزەکانی ئەمریکا بە بنکەی ئاسمانیی "مەلیک فەهد" لە تائیف دەکەن ؛ هەنگاوێک کە لە ئەگەری پشتڕاستکردنەوەیدا، نیشاندەری گەڕانەوەیە بۆ هاوکارییە سەربازییە قووڵترەکان.
بەرپرسێکی وڵاتانی کەنداو بە "فاکس نیوز "ی ڕاگەیاندووە، وڵاتانی کەنداو هاوڕان لەگەڵ ڕوانگەی ئەمریکا سەبارەت بەوەی کە پەرەپێدانی مووشەکیی ئێران، بەرنامەکانی پیتاندنی ئۆرانیۆم و پشتگیریکردنی لە گرووپە میلیشیا ناوچەیییەکان دەبێ بایەخی پێ بدرێت و سنووردار بکرێت.
هاوکات بەحرەین بە ڕێبەرایەتیکردنی هەوڵەکان لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مەحکوومکردنی هێرشەکانی ئێران، ڕۆڵێکی چالاکتری لە گۆڕەپانی دیپلۆماسیدا گێڕاوە.
لەم ناوەدا، قەتەر سەرەڕای دەرکردنی هەندێک لە نوێنەرانی ئێران، هێشتا هەوڵ دەدات ڕۆڵی نێوبژیوانی خۆی بپارێزێت.
کۆی ئەم ململانە دەریدەخەن کە هەرچەندە وڵاتانی کەنداو بۆ پێشگرتن لە هێژموونی ناوچەیی ئێران لە واشنگتۆن نزیکتر بوونەتەوە، بەڵام هێشتا خۆیان لە چڕکردنەوەی ڕاستەوخۆی ململانێکان و بە ئامانجگرتنی ژێرخانە نێوخۆیییەکانی ئێران دەپارێزن.