کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵی هاوبەشی ئەمریکا و عێراق بۆ دوورخستنەوەی بەغدا لە شەڕ

12:29 - 8 خاکەلێوه 2726

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی هەینی بڵاو کرایەوە، هەواڵی زیادبوونی هاوکاری نێوان بەغدا و واشنگتۆنی ڕاگەیاند، بە ئامانجی ڕێگریکردن لە هەر جۆرە هێرشێک لە خاکی عێراقەوە کە بۆ پشتیوانی لە کۆماری ئیسلامی ئەنجام بدرێت.

لەم بەیاننامەیەدا هاتووە: «عێراق و ئەمریکا بڕیاریان داوە هاوکارییەکانیان بەهێزتر و زیاد بکەن لە ڕێگریکردن لە هێرشە تێرۆریستییەکان و دەستەبەرکردنی ئەوەی کە خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر خەڵکی عێراق، هێزە ئەمنییەتییەکان، دارایی و دامەزراوە ستراتیژییەکانی عێراق، هەروەها هێزەکانی ئەمریکا و شوێنە دیپلۆماتیکەکان و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەکارنەهێنرێت.''

هەروەها باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" ئاماژەی بە پێکهێنانی «لێژنەی باڵای هەماهەنگی هاوبەش» لە نێوان هەردوو وڵاتدا کردووە.

 هەرچەندە بەیاننامەکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئاماژەی بە هێزە نیابەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە عێراق نەکردووە، بەڵام جەختی کردووەتەوە کە هەر دوو لایەن بە دوورخستنەوەی عێراق لە چوارچێوەی ململانێ سەربازییەکانی ئێستا. پێبەند بن.

ئەمە لە کاتێکدایە، ڕێک یەک مانگ بەسەر دەستپێکردنی هێرشی هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران تێدەپەڕێت؛ پێش دەستپێکردنی هێرشەکان، گرووپی کەتائیبی حیزبوڵڵا هەڕەشەی کردبوو کە ئەگەری هەیە بۆ پشتیوانی لە تاران بێتە نێو شەڕەکەوە. بەڵام لە دوو حەفتەی ڕابردوودا، لانیکەم جارێک بنکەیەکی ئەم گرووپە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە کراوەتە ئامانج و فەرماندەیەکیان تێیدا کوژراوە.