کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێت‌بلاکس: یەک مانگ بەسەر پچڕانی ئینتێرنێت لە ئێراندا تێپەڕی

13:16 - 8 خاکەلێوه 2726

ماڵپەڕی نێودەوڵەتیی "نێت‌بلاکس" ڕایگەیاند کە یەک مانگ بەسەر پچڕانی ئینتێرنێت لە ئێراندا تێپەڕیوە ، ئەمەش وەک درێژترین ماوەی بێبەشکردنی خەڵک لە زانیاری لە مێژووی ئەو وڵاتەدا ئەژمار دەکرێت.

ئەم گەمارۆیە زانیارییەی ڕێژیمی تاران لە ٢٨ی فێورییەوە دەستی پێکرد؛ ڕێک ئەو ڕۆژەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل یەکەم شەپۆلی هێرشەکانیان بۆ سەر بەیتی عەلی خامنەیی و کوژرانی ناوبراو و فەرماندەکانی سپای پاسداران ئەنجام دا.

لەو کاتەوە ڕێژیم نەک هەر ئینتێرنێت، بەڵکوو هێڵەکانی تەلەفۆنی جێگیر و مۆبایلیشی بە توندی سنووردار کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی پچڕانی پەیوەندیی ملیۆنان کەس لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات.

نێت‌بلاکس جەخت کردوە کە خەڵکی ئێران لە "تاریکییەکی ڕەهای زانیاری"دا دەژین، لە کاتێکدا مافی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری یەکێکە لە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ.

 بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە بیانووی دۆخی نائاسایی پاساوی جۆراجۆریان بۆ داخرانی ئینتێرنێت هێناوەتەوە و فاتمە موهاجەرانی، پێشتریش وتەبێژی کابینەی پزیشکییان ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئینتێرنێت تەنیا بۆ مەبەستی "پڕوپاگەندەی حکوومەتی" و بۆ بەشێکی دیاریکراو دابین دەکرێت.