کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەدان کەشتی و نزیکەی ٢٠ هەزار دەریاوان لە گەرووی هۆرمۆزدا گیریان کردووە

15:54 - 8 خاکەلێوه 2726

هەواڵدەریی "سی ئێن ئێن" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، لە کاتێکدا شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بەکردەیی گەرووی هورمزی داخستووە، کە یەکێکە لە گرینگترین ڕێڕەوە بازرگانییەکانی جیهان، نزیکەی ٢٠ هەزار دەریاوان لە دەریادا سەرگەردان و گیریان خواردووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم قەیرانە بووەتە هۆی ڕاوەستانی بەکۆمەڵی کەشتییەکان و گیرکردنی دەریاوانان لە ناوچەکەدا. لەم پێناوەدا "کریستی لۆ ستاوت"، پەیامنێری سی ئێن ئێن، چاوپێکەوتنی لەگەڵ کەشتیوانەکان کردووە کە دەڵێت ماوەی سێ حەفتەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گیریان خواردووە و چەندین مووشەک و هاوێژاراوی بینیوە کە لە نزیک کەشتییەکەیەوە تێپەڕیون.

لە نوێترین پێشهاتیشدا، پەیوەندییە گشتییەکانی سپای پاسداران، ڕۆژی هەینی ٧ی خاکەلێوە لە بەیانییەیەکدا ڕایگەیاند، هاتوچۆی کەشتییەکان 'لە و بۆ'' بەندەرەکانی هاوپەیمانان و پشتیوانانی ئیسرائیل و ئەمریکا، لە هەر ڕێگەیەکەوە بێت یان بۆ هەر مەبەستێک بێت، قەدەغەیە".

هێزی دەریایی سپای پاسداران هەروەها ڕایگەیاندووە: گەرووی هۆرمۆز داخراوە و هەر جۆرە هاتوچۆیەک لەم گەرووەدا لەگەڵ کاردانەوەی توند بەرەوڕوو دەبێتەوە.''