لە درێژەی دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە هاووڵاتییان لە شارە جیاوازەکانی کوردستان، ٦١ هاووڵاتی لە سێ پارێزگای ئیلام، ورمێ و سنە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دەستبەسەر کراون.
لە پارێزگای ئیلام، ئیدارە ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسداران ٥١ هاووڵاتییان بە تۆمەتی بێبنەمای سیخوڕی دەستبەسەر کردووە و دۆسییەی یاساییان بۆ کراوەتەوە.
لە کۆی ئەو ٥١ کەسە، ٥ کەس بە تۆمەتی ڕێکخستنی ئاژاوەنانەوە و دروستکردنی نائەمنی، ٢ کەس بە تۆمەتی هەوڵدان و بەرنامەداڕشتن بۆ دروستکردنی ئاستەنگی هاتوچۆ، ١٠ کەس بە تۆمەتی وێنەگرتنی ئامانجدار لە شوێنە سەربازییەکان و خاڵەکانی بەرکەوتنی مووشەک، ١٩ کەس بە تۆمەتی پەیوەندی و هاوکاری لەگەڵ تۆڕە نەیارەکان و ١٥ کەسیش بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێکدانی کۆبوونەوەی شەوانەی خەڵک لە پشتیوانیی ڕێژیم، دەستبەسەر کراون.
هەروەها هەواڵدەریی "تەسنیم"ی سەر بە سپای پاسداران ڕایگەیاند کە ٨ کەس لە شارەکانی مەهاباد، چالێدران، ورمێ و میاندواو بە تۆمەتی سیخوڕی لە دەستبەسەر کراون.
ئەو هەواڵدەرییەی سەر بە ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە ٦ کەس بە تۆمەتی ئەندامبوون لە حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ٢ کەس بە تۆمەتی ناردنی زانیاریی بۆ دەرەوەی وڵات لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دەستبەسەر کراون.
هەر لەو پەیوەندییە، ڕیکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، ڕایگەیاند کە لە درێژەی دەستبەسەرییەکان لە دوای دەستپێکی شەڕ، دوو هاووڵاتی کورد بە ناوەکانی "کیانووش عادڵپوور" و "ئەفشین جەم"، هەر دوو خەڵکی شاری سەقز لە ڕۆژەکانی ٥ و ٦ی خاکەلێوە بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.