کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تا ئێستا ٤٦٠ هێرشی مووشەکی و دڕۆنی کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان

17:03 - 8 خاکەلێوه 2726

لەگەڵ تێپەڕبوونی یەک مانگ بەسەر دەستپێکی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە ٩ی ڕەشەمەوە، هەرێمی کوردستان بووەتە یەکێک لە گۆڕەپانە سەرەکییەکانی ململانییەکان و ڕووبەڕووی هێرشی چڕ بووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی میدیایی "ڕووداو"، لە ماوەی ئەم مانگەدا ٤٦٠ دڕۆن و مووشەک ئاراستەی هەر چوار پارێزگاکەی هەرێم کراون.

بەپێی داتاکان، پارێزگای هەولێر بە ئاراستەکردنی ٣٥٨ دڕۆن و مووشەک زۆرترین هێرشی کراوەتە سەر و دوای ئەو، پارێزگای سلێمانی ٩٣ هێرش، دهۆک ٧ و هەڵەبجە ٢ هێرشی دڕۆنییان کراوەتە سەر.

ئەم هێرشانە تێچوویەکی مرۆیی لێکەوتووەتەوە؛ بە جۆرێک ١٤ کەس گیانیان لەدەست داوە و ٨٥ کەسی تریش بریندار بوون.

قوربانییەکان پێکهاتوون لە ٦ پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک لە سۆران، کارمەندێکی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی هەولێر، ٦ پێشمەرگەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەربازێکی فەرانسەیی.

هەروەها لە نێو ٨٥ بریندارەکەدا، ١٣ هاووڵاتیی مەدەنی و منداڵ و هەروەها پێشمەرگە و بنەماڵەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەگەڵ برینداربوونی پێنج سەربازی فەرانسەیی لە هەولێر هەن.

هەرچەندە لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا ئاستی هێرشەکان کەمی کردووە، بەڵام زیانە لۆجستیکی و مرۆییەکان نیشاندەری ئاستی ئەو مەترسییە گەورەیەن کە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە.