کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵسەنگاندنی توانای سەربازیی ڕێژیمی ئێران لە کۆتایی حەفتەی چوارەمی شەڕدا

17:38 - 8 خاکەلێوه 2726

بەپێی ڕاپۆرتی "ئاکسیوس"، شەڕی نێوان ڕێژیمی ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل کە لە ٩ی ڕەشەمەوە دەستی پێکردووە، چووەتە قۆناغێکی هەستیارەوە و هەڵسەنگاندنەکان نیشانی دەدەن کە تاران سەرەڕای زیانە پێکهاتەییە قورسەکان، هێشتا توانای تێکدەرانەی خۆی لە ئاستی ناوچەکەدا پاراستووە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە ئەگەرچی ئیسرائیل لە حەفتەکانی ڕابردوودا ٧ بەرپرسی باڵای بەرگری و زیاتر لە ٣٠ ڕێبەری سەربازی و سیاسیی ئەو ڕێژیمەی کردووەتە ئامانج، بەڵام پێکهاتەی فەرماندەیی ڕێژیم هێشتا چالاکە.

لە بواری توانای مووشەکی و دڕۆنیدا، زیاتر لە ٦٦ لەسەدی دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی ڕێژیم لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا تێک شکێنراون.

ئەرتەشی ئیسرائیل تا ئێستا نزیکەی ٣٣٠ سەکۆی هاویشتنی مووشەکی بالستیکی لە کۆی ٤٧٠ سەکۆ لەنێو بردووە؛ لەگەڵ ئەوەشدا، هێرشە تۆڵەسێنەرەوەکان بە دڕۆنی هەرزان هێشتا بەردەوامن کە تێکشکاندنیان لە ئاسماندا کارێکی ئەستەمە.

هێزی ئاسمانیی ڕێژیم بە کەرەستەی کۆنی وەک "ئێف-١٤"، کارایییەکی سنوورداری بەرامبەر بە فڕۆکە شەڕکەرەکانی پێشکەوتووەکان هەیە.

لە بواری دەریاییشدا ڕێژیم زیاتر لە ١٥٠ کەشتی و بەلەمی لەدەست داوە، بەڵام هێشتا بە بەکارهێنانی بەلەمە خێراکان و مینە دەریایییەکان، هەڕەشە لە ئەمنییەتی وزە و بازرگانیی جیهانی لە ڕێڕەوە هەستیارەکاندا دەکات.

ئاکسیوس باسی لەوە کردووە کە پێنتاگۆن و کۆشکی سپی ناردنی لانیکەم ١٠ هەزار هێزی شەڕکەری تریان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەگەری ئۆپەراسیۆنی وشکانیی خستووەتە ناو بەرنامەی کارەکانیانەوە.

سەرەڕای زیانە قورسەکان، ڕێژیمی ئێران هێشتا توانای بەردەوامبوونی پەرچەکردارە مووشەکی و دەریایییەکانی هەیە و هەر جۆرە هەنگاوێکی هێرشبەریی زیاتر پێویستی بە بڕیاردانی ورد لە لایەن واشنگتۆن و تێلئاڤیڤەوە هەیە.