لە کاتێکدا ئەمریکا لە شەڕ لەگەڵ ئێراندا هەزاران سەربازی هێزی دەریایی (مارێنز)ی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە، ئەرەشی ئەمریکا ڕایگەیاند کە یەکەم گرووپ لەو هێزانە بە کەشتییەکی هێرشبەری ئاویی-وشکانی گەیشتوونەتە ناوچەکە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی ''واشنتۆن پۆست''، پێنتاگۆن خەریکی ئامادەکارییە بۆ چەندین حەفتە ئۆپەراسیۆنی زەوینی لە نێوخۆی ئێراندا؛ ئۆپەراسیۆنێک کە ئەگەری هەیە هێرشی هێزە تایبەتەکان و پیادەی ئاسایی بگرێتەوە.
هاوکات هەواڵدەریی ''ڕۆیتێرز'' بڵاوی کردووەتەوە کە پێنتاگۆن تاوتێی چەند بژاردەیەکی سەربازی دەکات کە لەوانەیە ناردنی هێزی زەمینی بۆ نێو ئێران لەخۆ بگرێت.
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئەرتەشی ئەو وڵاتە دەتوانێت بەبێ ناردنی هێزی زەمینی ئامانجەکانی بپێکێت؛ بەڵام وتیشی کە ژمارەیەک هێز ڕەوانەی ناوچەکە کراون بۆ ئەوەی وەک ئەو دەڵێت، دۆناڵد ترامپ زۆرترین نەرمی هەبێ بۆ داڕشتنی ستراتیژییەکەی.
دۆناڵد ترمپ هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر ئێران گەرووی هۆرمۆز نەکاتەوە، وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانی وزەی ئەو وڵاتە دەکاتە ئامانج. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو وادەیەی کە بۆ ئەم حەفتەیە دیاری کردبوو درێژکردەوە و ١٠ ڕۆژی دیکەی بە ئێران دا بۆ ئەوەی وەڵام بداتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر ژێرخان یان ناوەندە ئابوورییەکانی ئێران بکرێنە ئامانج، بە توندی وەڵام دەدەنەوە.