کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی ئێران لە زانکۆکانی سەر بە ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست

10:36 - 9 خاکەلێوه 2726

سپای پاسداران بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئەو زانکۆیانەی کرد کە سەر بە ئەمریکان لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەمەش مەودای ئامانجە ئەگەرییەکانی خۆی فراوانتر کرد.

لەو بەیاننامەیەدا کە بەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٩ی خاکەلێوە بڵاوکراوەتەوە، داوا لە مامۆستایان، فەرمانبەران و خوێندکارانی ئەو ناوەندانە کراوە کە لانیکەم یەک کیلۆمەتر لەو شوێنانە دوور بکەونەوە.

سپای پاسداران بە تۆمەتبارکردنی ئەمریکا و ئیسرائیل بە هێرشکردنە سەر زانکۆی "عیلم و سەنعەت" لە تاران، ڕایگەیاند کە ئەم جۆرە ناوەندە پەروەردەییانە دەکرێت وەک "ئامانجی ڕەوا" سەیر بکرێن.

لە ئێستادا چەندین زانکۆی ئەمریکایی لە ناوچەدا چالاکن؛ لەوانە زانکۆی نیویۆرک کە لقێکی لە ئەبوزەبی هەیە، هەروەها کۆمەڵێک زانکۆی دیار لە شارۆچکەی پەروەردەیی لە قەتەر، لەوانە ''زانکۆی جۆرج تاون و زانکۆی کارنگی مێلۆن، نۆرس وێسترەن و تێگزاس ئەی ئەندام''.

بەپێی ئامارەکانی "پڕۆژەی دەرگا کراوەکان" (Open Doors)، لە ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤دا نزیکەی ٤٩٠٠ خوێندکاری ئەمریکایی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا سەرقاڵی خوێندن بوون. ئەم پێشهاتانە، نیگەرانییەکانی سەبارەت بە ئەمنییەتی ناوەندەکانی خوێندن و خوێندکارانی بیانی لە ناوچەکەدا زیاتر کردووە.