هەواڵدەریی ڕۆیتێرز ڕۆژی یەکشەممە لە بابەتێکدا نوێترین ئاماری کوژراوان و قوربانیانی شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لە ماوەی مانگی ڕابردوودا بڵاو کردەوە.
لە کاتێکدا شەڕ لە ئێران پێ دەنێتە پێنجەمین حەفتەی خۆی و دوای مانگێک لە بۆردومانکردنی شارەکان، هێشتا بەردەوامە؛ ماڵپەڕی مافەکانی مرۆڤی هێرانا کە بنکەکەی لە ئەمریکایە، دەڵێت تا ئێستا ٣ هەزار و ٤٦١ کەس لە ئێران کوژراون، کە لەو ژمارەیە هەزار و ٥٥١ کەسیان مەدەنی بوون و لەنێویاندا لانیکەم ٢٣٦ منداڵ هەن.
لە نەبوونی دەستڕاگەیشتن بە ئینتێرنێت لە نێوخۆی ئێران و سانسۆری توندی زانیارییەکان لەلایەن ڕێژیمەوە، هێرانا ئامارەکانی خۆی بە هاوکاری ڕاپۆرتە مەیدانییەکان، سەرچاوە نێوخۆییەکان و سەرچاوەکانی نەخۆشخانە ئامادە دەکات.
ڕۆژی هەینی، فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی خاچی سوور ژمارەی کوژراوانی ئێرانی بە لانیکەم هەزار و ٩٠٠ کەس و ژمارەی بریندارانی ٢٠ هەزار کەس ڕاگەیاند.
لە بەرامبەردا، لە وڵاتی ئیسرائیل کە ئامانجی مووشەکبارانی تۆڵەسەندنەوەی ئێرانە، تا ئێستا بەپێی ئامارەکانی ناوەندە فریاگوزارییەکان لەو وڵاتە، ١٩ کەسی مەدەنی کوژراون.
هەروەها ١٣ سەربازی ئەمریکاش لە وڵاتانی عەرەبی کەنداو کوژراون. ڕۆژی شەممە هەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە کە ١٢ سەربازی ئەمریکایی لە هێرشێکی ئێراندا بۆ سەر بنکەیەکی ئاسمانی لە عەرەبستانی سعوودی بریندار بوون، کە باری تەندروستی دووانیان ناجێگیرە.