کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی نوێی مووشەکی و دڕۆنیی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو

10:59 - 9 خاکەلێوه 2726

بەپێی ڕاپۆرتی بەشی جیهانیی بی بی سی، لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، وڵاتانی دەوروبەری کەنداو شایەدی هێرشی یەک لە دوای یەکی مووشەکی و دڕۆنیی ئێران بوون، کە ڕاستەوخۆ دەمارە ئابوورییەکان و ژێرخانە هەستیارەکانی ئەم ناوچەیەی کردووەتە ئامانج.

دەوڵەتی ئیمارات ڕۆژی شەممە شایەتی زۆرترین ژمارەی هێرشی مووشەکی بالستیکی بووە لە ماوەی حەفتەکانی ڕابردوودا. شیرکەتی "ئیمارات گڵۆباڵ ئاڵمینیۆم"  بە فەرمی ڕایگەیاند کە کارخانەی سەرەکیی ئەم کۆمەڵەیە لە ئەبوزەبی  کراوەتە ئامانج و زیانی زۆری پێگەیشتووە.

لە ئەنجامی ئەم هێرشانەی ڕێژیمی ئێراندا، چەندین کەس لە پێرسۆنێلی ئەم یەکە پیشەسازییە بریندار بوون.

هاوکات، شیرکەتی "ئاڵمینیۆمی بەحرەین" (ALBA) کە یەکێک لە گەورەترین جەمسەرەکانی بەرهەمهێنانی ئاڵمینیۆم لە جیهاندا، کرایە ئامانجی هێرشی ئاسمانی.

 لە کوەیتیش، ڕاپۆرتەکان باس لە زیانی جیددی بە سیستمی ڕاداری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کوەیت دەکەن، کە بووەتە هۆی پەککەوتنی بەرفراوان لە ئەمنییەتی گەشتەکان و هاتوچۆی ئاسمانی ئەو وڵاتە.

وڵاتانی کەنداو کە ئێستا سەقامگیریی نێوخۆیی و ئەمنییەت ئابووری خۆیان لە مەترسیدا دەبینن، جەخت لەسەر پێویستیی ئامادەبوونیان لە هەر گفتوگۆیەکی ئاشتی لە داهاتوودا دەکەنەوە.

 لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم وڵاتانە لە نێوەندی گرژییە ڕو لە زیادبووەکانی نێوان ڕێژێمی ئێران و ئەمریکا، لەسەر چۆنیەتی ڕێکخستنی پەیوەندییە دیپڵۆماتییەکان و ڕێگەی داهاتوو تووشی ناکۆکی بوونە.