کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی بەربڵاوی ئیسرائیل بۆ سەر ناوەندەکانی فەرماندەیی و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران

11:25 - 9 خاکەلێوه 2726

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "جۆرۆزالم پۆست"، ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ٩ی خاکەلێوە ڕایگەیاند کە هێزی ئاسمانیی ئەو وڵاتە شەپۆلێکی بەرفراوانی هێرشی ئاسمانیی دژی ژێرخانەکانی ڕێژیمی ئێران لە تاران و ناوچەکانی دیکە تەواو کردووە. لەم ئۆپەراسیۆنەدا، چەندین ناوەندی فەرماندەیی کاتی شناسایی کراون و تێک شکێندراون، هەروەها ژمارەیەک فەرماندەی سەربازیش کوژراون.

بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەرتەشی ئیسرائیل، ئەم هێرشانە دوای ئەوە ئەنجام دراون کە گۆڕانکاریی لە شوێنی ناوەندە هەمیشەییەکانی فەرماندەیی بۆ یەکە گەڕۆکەکان بەدی کراوە. جگە لە دەیان ناوەندی بەرهەمهێنان و کۆگای موشەکی بالستیکی، سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی و بنکەکانی چاودێرییش کراونەتە ئامانج.

هەروەها ئەرتەشی ئیسرائیل هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی پشتڕاست کردەوە، لەوانە دامەزراوەی ئاوی قورسی خەنداب لە ئەراک و ناوەندی پیتاندنی ئۆرانیۆم لە ئەردەکان. ئەم ئۆپەراسیۆنە بە بەشداریی زیاتر لە ٥٠ فڕۆکەی شەڕکەر و بە شێوەیەکی هاوکات لە سێ ناوچەدا ئەنجام دراوە.

هاوکات لەگەڵ ئەم پێکدادانە قورسانە، ڕاپۆرتی دژبەیەک لەسەر بوونی گرژیی نێوخۆیی لە نێوان مەسعوود پزیشکییان و فەرماندەکانی سپای پاسداران دەبیسترێت.

لە لایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترامپ ئیدعای ئەوە دەکات کە بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی "سی ئای ئەی" (CIA)، ئەگەری هەیە گۆڕانکاریی نوێ لە ئاستە باڵاکانی دەسەڵاتی ئێراندا لە ئارادابێت.

سەرەڕای ڕەتکردنەوەی فەرمیی پڕۆژە ئاشتییەکان لەلایەن تارانەوە، جێگری سەرۆکوەزیرانی پاکستان باسی لە بەردەوامیی گفتوگۆکانی پشت پەردەی نێوان ئێران و ئەمریکای بۆ ڕێگریگرتن لە زیاتر پەرەسەندنی شەڕەکە کردووە.