کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێنتکام: زیاتر لە ١١ هەزار ئامانج لە ئێران کراونەتە ئامانج

11:29 - 9 خاکەلێوه 2726

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ڕایگەیاند کە تا کۆتایی ٨ی خاکەلێوە و لە بیست و نۆیەمین ڕۆژی شەڕەکەدا، زیاتر لە ١١ هەزار ئامانج لە ئێران کراونەتە ئامانج.

هەروەها ئەم فەرماندەییە ئاماژەی بەوە کردووە کە لە سەرەتای دەسپێکی ململانێکانەوە هێزە ئەمریکاییەکان زیاتر لە ١١ هەزار هێرشی ئاسمانییان ئەنجام داوە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە لەم ئۆپەراسیۆنانەدا، زیاتر لە ١٥٠ کەشتی و بەلەمی سەر بە ئێران تێک شکێنراون یان زیانیان بەرکەوتووە. بەراوردکردنی ئەم ڕاپۆرتە لەگەڵ هەڵسەنگاندنی پێشووی سێنتکام لە ٣ی خاکەلێوەدا، ئەوە نیشان دەدات کە ئەو کەرەستە سەربازییانەی لە ئۆپەراسیۆنەکاندا بەکاردێن زیاتر بوون و کەشتی هێرشبەرە ئاوی-وشکانییەکانیشی گرتووەتەوە کە بۆ پشتیوانیکردنی ئۆپەراسیۆنی ئەگەریی هێزەکانی مارێنز بەکاردەهێنرێن.

ئەم پێشهاتانە لەکاتێکدایە کە ڕاپۆرتەکان باس لە ئامادەیی پێنتاگۆن بۆ ئەنجامدانی چەند حەفتەیەک ئۆپەراسیۆنی زەوینی لە ئێران دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا ڕوون نییە کە ئایا دۆناڵد ترامپ بڕیاری کۆتایی بۆ ناردنی هێزی زەوینی دەدات یان نا.

شرۆڤەکاران ئەم ڕەوتە وەک نیشانەیەک بۆ چڕبوونەوەی بەرچاوی پێکدادانەکان و ئەگەری چوونە نێو قۆناغێکی بەرفراوانتر هەڵدەسەنگێنن.