بەڕێز مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دێموکرات لە پەیامێکی فەرمیدا تیشکی خستە سەر بەردەوامیی هێرشە تێکدەرەکانی سەر هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند کە لەوەتەی دەستپێکی گرژییەکانی ناوچەکەوە زیاتر لە ٤٥٠ جار بە موشەک و دڕۆن پەلاماری هەرێم و بارەگاکانی پێشمەرگە دراوە.
بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد کە تەنیا لەو ماوەیەدا پێنج جار هێرش کراوەتە سەر بارەگای بارزانی و دوێنێش لە شاری دهۆک ماڵی سەرۆکی هەرێم بە دڕۆن کراوەتە ئامانج کە ئەمەش بە واتای شەڕفرۆشتنێکی ئاشکرا و زوڵمێکی گەورە لە قەڵەم دەدرێت.
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا ناوبراو جەختی کردەوە کە ئەم دۆخە بە تەنیا ئیدانەکردن و تەلەفۆن و پێکهێنانی لیژنە چارەسەر نابێت و پێویستە دەسەڵاتدارانی عێراق هەڵوێستی یەکلاییکەرەوەیان هەبێت.
سەرۆکی پارتی دێموکرات داوای لە بەغدا کرد کە یان ڕایبگەیەنن توانای ڕێگریکردنیان لەو گرووپە لەیاسابەدەرانە نییە یانیش بە جیددی بێنە سەر هێڵ و هەنگاوی کردەیی بۆ پارێزگاریکردن لە دەوڵەت ئەنجام بدەن چونکە گەلی کوردستان بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە بەرگری لە دۆزی ڕەوای خۆی دەکات و هیچ هەڕەشەیەک ناتوانێت ئەو ئیرادەیە بشکێنێت.