کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرتەشی ئیسرائیل: ئێران بنکە فەرماندەییەکانی بۆ ناوەندی گەڕۆک دەگوازێتەوە

17:42 - 9 خاکەلێوه 2726

ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە بەهۆی زنجیرە هێرشە ئاسمانییە بەردەوامەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو، کۆماری ئیسلامیی ئێران ناچار بووە زۆربەی بنکە فەرماندەییەکانی، نووسینگە ئەمنییەکان و باڵەخانە ستراتیژییەکانی خۆی بۆ ناوەندی گەڕۆک و کاتی بگوازێتەوە.

 ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێک بۆ پاراستنی فەرماندەکان و کەمکردنەوەی زیانەکان لە ئەنجامی هێرشە ڕاستەوخۆکان دەبینرێت.

بەپێی وتەی بەرپرسانی سەربازی، لە شەپۆلێکی هێرشەکاندا بۆ سەر تاران کە لە ڕێکەوتی ٨ی خاکەلێوە ئەنجام درا، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل توانیویەتی چەندین لەو ناوەندە کاتییانە بپێکێت لە کاتێکدا فەرماندە باڵاکانی ئێران لەوێ جێگیر بوون.

هاوکات ئەم هێرشانە دەیان بنکەی بەرهەمهێنان و کۆگای موشەکی بالستیکی، سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی و وێستگەکانی چاودێریشیان گرتووەتەوە.

ئیسرائیل جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم ئۆپەراسیۆنانە بەشێکن لە ستراتیژییەکی فراوانتر بۆ لاوازکردنی توانای سەربازی ئێران. لەم چوارچێوەیەدا، تا ئێستا توانیویانە بە شێوەیەکی ئامانجدار دەیان کەس لە فەرماندە پلەبەرزە سەربازییەکان و بەرپرسە سیاسییەکانی کۆماری ئیسلامی لەنێو ببەن.