کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامادەیی بریتانیا بۆ بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی مینهەڵگرتنەوە لە گەرووی هۆرمۆز

17:44 - 9 خاکەلێوه 2726

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بریتانیا خەریکی لێکۆڵینەوەیە بۆ ناردنی کەشتییەکی هێزی دەریایی شاهانە بۆ گەرووی هۆرمۆز بە مەبەستی بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنی مینهەڵگرتنەوە و دابینکردنی ئەمنییەتی کەشتیوانی نێودەوڵەتی.

بەپێی ڕاپۆرتی "ساندی تایمز" لە ڕۆژی یەکشەممە ٩ی خاکەلێوە، کەشتیی ئاوی-وشکانی "لایم بەی" تەیار بە سیستمی پێشکەوتوو لەوانە ژێردەریایی کۆنترۆڵکراو لە دوورەوە و بەلەمی تایبەت کە توانای ناسین و پووچەڵکردنەوەی مینە دەریاییەکانیان هەیە.

دەوترێت ئەم کەشتییە دوای تەواوبوونی ماوەی چاککردنەوەی لە گەرووی جەبەلوتاریق، بۆ ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی ڕەوانەی دەریای ناوەڕاست کراوە.

سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندووە کە جان هیلی، وەزیری بەرگری بریتانیا، پلانێکی بۆ ناردنی ئەم کەشتییە بۆ گەرووی هۆرمۆز خستووەتە ڕوو، هەرچەندە بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری جەخت دەکەنەوە کە هێشتا بڕیاری کۆتایی لەمبارەیەوە نەدراوە.

ئەم جموجۆڵانە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترامپ جارێکی دیکە ڕەخنەی لە بەشدارینەکردنی ناتۆ لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی کۆماری ئیسلامی گرتووە.