
د. قادر وریا
لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ڕێژیمی تیرۆریست و سەرکوتکەری ئێران، بە تایبەتی دوای کوژرانی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، قەیرانێکی گەورە نەک تەنها ئێران بەڵکوو تەواوی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی داگرتووە. لەم دۆخەدا، حیزبە سەرانسەرییەکان، هەروەها حیزبەکانی سەر بە نەتەوەکانی ئێران دەبێت خۆیان بۆ هەموو گۆڕان و سناریۆییەکی بەردەمیان ئامادە بکەن. لەم نێوەدا، یەکگرتن و هاوکاریی نێوان حیزبە پێشکەوتوو و ئازادیخوازەکان یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجە شۆڕشگێڕانەکانیانە.
حیزبەکانی کوردستان لە سەرەتای هاتنە سەرکاری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، بەرانبەر ئەم دەسەڵاتە کۆنەپەرستە و یاسا بنەڕەتییەکەی وەستاونەتەوە و "نا"یەکی گەورەیان پێ گوتووە. لە ماوەی نزیکەی پێنج دەیە دوای شۆڕشی ڕەشەمەی ١٣٥٧، بۆ بەدەستهێنانی ئازادی، دیموکراسی و سیستەمێکی ناناوەندی (غیر متمرکز) کە نەک تەنها وەڵامدەرەوەی مافەکانی هاونیشتمانان بێت، بەڵکو دابینکەری مافە نەتەوەییەکانی نەتەوە ژێردەستەکانی ئێرانیش بێت، خەباتیان کردووە و قوربانیی زۆریان داوە.
حیزبەکانی کوردستان، بە تایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە خەباتیان دژی کۆماری ئیسلامیدا هەردوو شێوازی ئاشتییانە و بەرگریی چەکدارانەیان بەکار هێناوە، بەڵام هەمیشە گرنگیی سەرەکییان بە خەباتی مەدەنی و سیاسی داوە. لە بەرانبەردا حکومەتی ئیسلامی و دامەزراوە سەرکوتکەرەکانی، هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا دەستیان لە هیچ شێوازێکی نامرۆڤانە بۆ دژایەتی لەگەڵ خەبات و تێکۆشانی ئەوان نەپاراستووە، لە بە کۆمەڵکوشتنی خەڵکەوە بگرە تا دەستگیرکردن و لەسێدارەدانیان، لە تیرۆری ڕێبەران، کادرەکان و ئەندامەکانی ئەو حیزبانە هەتا دەگاتە شێواندن و چەواشەکردنی ڕاستییەکانی پێوەندیدار بە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد. بە تایبەتی هەوڵیان داوە لە نێوان دوو نەتەوەی کورد و ئازەربایجانی دووبەرەکی دروست بکەن.
کۆماری ئیسلامی هەمیشە هەوڵی داوە خەباتی حیزبەکانی کوردستان بە "تیرۆریستی" پیشان بدات و بە چاندنی ترس و دڵەڕاوکێ لە نێو تورکەکانی ئازەربایجان ــ کە هەر لە کۆنەوە هاوسێ و هاوخەباتی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران بوون ــ تۆوی بێمتمانەیی بچێنێت. هەوڵیان داوە خەباتی نەتەوەی کورد بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووس و ئامادەبوونی پێشمەرگەی کورد لە سەر خاکی باب وباپیران و لە نێو خەڵکی خۆیاندا، وەک مەترسییەک بۆ ئاسایشی تورکەکانی ئازەربایجان نیشان بدەن. ئەمە لە کاتێکدایە کە نەتەوەی کورد و ئازەربایجانی لە درێژایی مێژوودا هەمیشە هاوسێ و هاوخەباتی یەکتر بوون و کارنامەیەکی هاوبەش ولە هێندێک قۆناغدا گەشیان، بە تایبەتی لە سەردەمی دامەزراندنی حکومەتی نەتەوەیی ئازەربایجان و کۆماری کوردستان لە ساڵانی ١٣٢٤–١٣٢٥ و دوای ئەویشدا هەیە.
لەم قۆناغە هەستیارەدا کە ئێران، بە تایبەتی لە ناوچە گرنگەکانی وەک ئازەربایجان و کوردستان، زیاتر لە هەر کاتێک پێویستی بە یەکگرتن و خەباتی هاوبەشی کورد و ئازەربایجانی هەیە، بە داخەوە هێندێک کەس بەئەنقەست یان لە ڕووی نەزانی، هەوڵی دروستکردنی بەدگومانی و دووبەرەکی دەدەن و بوونی حیزبەکانی کوردستان وەک مەترسییەک بۆ سەر ئاسایشی ئازەرییەکان نیشان دەدەن. ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە نە تەنیا سوودی هیچ یەک لەم دوو نەتەوەیەی تێدا نییە، بەڵکو لە کۆتاییدا زیانی هەردووکیانی لێدەکەوێتەوە و مەیدان بۆ سوودوەرگرتنی دوژمنانی هاوبەش دەڕەخسێنێت.
بەداخەوە هێندێک ماڵپەڕ و میدیای ئازەربایجانییش بە شێوەی جیاواز هەوڵی پەرەپێدانی ئەم جۆرە بەدگومانی و دووبەرەکیانە دەدەن. پێویستە چالاکوانانی ئازەربایجانی و حیزبە نەتەوەییەکانیان ــ کە زۆربەیان دۆست و هاوپەیمانی حیزبەکانی کوردستان بوون ــ بۆ وەستانەوە هەمبەر ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە دەستپێشخەر بن و بۆ پاراستنی هاوپێوەندیی مێژوویی و بەرژەوەندە هاوبەشەکانی ئەم دوو نەتەوەیە هەنگاو بنێن.
لە وەڵامی ئەو ژمارەیە لە چالاکانی تورک کە بە ڕواڵەت لە ڕووی نیگەرانی و دڵسۆزی بۆ پاراستنی برایەتیی کورد و تورک، وریایی و ئامۆژگار ی بە حیزبە سیاسییەکانی کوردستان دەدەن، بەبیرهێنانەوەی ئەم خاڵانە پێویست و لەجێی خۆیاندان:
١- نەتەوەی کورد لە ئێران زیاتر لە چوار دەیەیە لە پێناو پاراستنی مافە نەتەوەییە ڕەواکانی خۆی و نەتەوە ژێردەستەکانی دیکەی ئێران، بووە بە پێشەنگی بەرگری و خەبات دژی ڕێژیمی تیرۆریست و دژەمرۆیی کۆماری ئیسلامی و بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی و ئازادیخوازی بەهێزی بەڕێ خستووە. ئەوە کە وڵاتان و هێزە ناوچەیی و جیهانییەکان لە بەرنامە و سیناریۆکانی ئێستای خۆیاندا ناتوانن نکۆڵی لەم ڕاستییە بکەن، بەڵگەی ڕەسەنایەتیی حیزب و ڕێکخراوەکانی نێو ئەم بزووتنەوەیەیە، نەک نیشانەی بەستراوەییان بە هێزی دەرەکی.
٢- بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە ئێران، هەرگیز لەگەڵ هیچ دەوڵەتێکی ناوخۆیی یان دەرەکی، دژی تورک و گەلانی دیکەی ئێران هاوپەیمانی نەکردووە و نایکات. بۆیە ئامادەبوونی تێکۆشەری کورد و هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شار و ناوچەکانی خۆیان و لەسەر نیشتمانی مێژوویی و باوباپیرانیان، نەک بۆ دراوسێ تورکەکانیان و هیچ یەک لە پێکهاتەکانی سەر ئەو خاکە مەترسیی نییە، بەڵکو مافێکی سروشتی و حاشالێنەکراوی ئەوانە و هاوکات هەنگاوێکیشە بۆ پاراستنی ئاسایشی خەڵک و ڕێگریکردن لە ئاژاوە و ئاڵۆزی و ڕووداوە ناخۆشەکان.
٣- ئەو خاکەی لە دابەشکردنی ئیداریی کارگێڕی ئێراندا ناوی "ئازەربایجانی ڕۆژاوا"ی لێ نراوە، خاکی هاوبەشی هەموو ئەو گرووپە نەتەوەیی، زمانی، ئایینی و مەزهەبیانەیە کە لە کۆنەوە لەسەری دەژین. هیچ کام لەوان میوان یان بێگانە نین. هەر بیرکردنەوە و ڕوانگەیەک کە لە کورد، تورک، یان دانیشتووانی دیکەی سەر ئەم خاکە وەک میوانی نەخوازراو بڕوانێت، دەبێتە هۆکار و ماکەی ئاڵۆزی و قەیرانی زیانبار.
٤- وەک چالاکوانێکی کورد، بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونە تاڵەکانی ڕابردوو و بەسەرنجدان بە هەبوونی هێندێک دەمارگیری، بێمتمانەیی و تێگەیشتنی چەوت ، داوا لە هەموو چالاکوانانی تورک و کورد دەکەم لە دروستکردنی هەستیاریی بێجێ و ناپێویست، لە ورووژاندنی بەدگومانیی نەژادی و ئەتنیکی خۆ بپارێزن. هیوادارم بە هەوڵی بەرپرسانە و هاوبەش، لە ئێستاوە داهاتوویەکی پڕ لە لێکتێگەیشتن، ڕێزگرتنی دوولایەنە و پێکەوەژیانی ئاشتیخوازانە بنیات بنێین.