ڕاپۆرتە نوێیەکان ئاماژە بە زیادبوونی نیگەرانیی بەرپرسانی بریتانیا سەبارەت بە چالاکییە هەواڵگرییەکانی کۆماری ئیسلامی لە لەندەن دەکەن.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "تێلێگراف"، هۆشداری دراوەتە وەزیرانی دەوڵەتی بریتانیا کە بازنەیەکی ڕێکخراو بۆ ڕاکێشانی هێز و پێشخستنی ئۆپەراسیۆنی سیخوڕی پەیوەندیدار بە تاران لە پێیتەختی ئەو وڵاتەدا چالاکە و فەزای کراوە و ئاسانکاری بریتانیا بۆ ئەم مەبەستانە بەکار دەهێنێت.
لەم نێوەدا، ناوی تۆڕی "پرێس تی ڤی" وەک یەکێک لە ئامرازە سەرەکییەکان هێنراوە. ئەم میدیایە کە پێشتر مۆڵەتی پەخشکردنی لە بریتانیا لەدەست داوە، هێشتا لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە لە چالاکییەکانی بەردەوامە.
لە ڕاپۆرتەکەی تێلێگرافدا هاتووە کە هەندێک لە بەرنامەکانی ئەم تۆڕە بە سەرنج خستنە سەر دامەزراوە و ڕێکخراوە جووەکان، لە کردەودا زانیارییەک بڵاو دەکەنەوە کە دەکرێت وەک "لیستی ئامانجەکان" کەڵکی لێوەربگیرێت.
ئەم نیگەرانییانە لە کاتێکدا دەخرێنە ڕوو کە پۆلیسی دژە تێرۆری بریتانیا خەریکی لێکۆڵینەوەیە لە هێرشێکی ئاگرتێبەردان بۆ سەر دامەزراوەیەکی جوو لە باکووری لەندەن.
هەروەها دوو کەسی خەڵکی ئێران بە تۆمەتی ئەنجامدانی "چاوەدێری دوژمنکارانە" دژی شوێنە پەیوەندیدارەکان بە ئیسرائیل، لەوانە باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە، لەژێر چاوەدێری و بەداوداچوونی یاساییدان.
شارەزایانی ئەمنییەتی لەوانە جۆناتان هێکت جەخت دەکەنەوە کە بەکارهێنانی ڕووماڵی میدیایی بۆ ناسینەوە و ڕاکێشانی سەرچاوە مرۆییەکان، بەشێکە لە ستراتیژی هەواڵگری تاران.
لە بەرامبەردا، دەوڵەتی بریتانیا ڕایگەیاندووە کە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە پەیوەندیدارەکان بۆ کۆماری ئیسلامی خستووەتە ئەولەوییەتی ئەمنییەتی خۆی و لێکۆڵینەوە لە بژاردەی زیاتر دەکات.