کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشەوا فێری کردین یەکڕیز و یەکگرتوو بین و لەپێناو بەدەست‌هێنانی مافەکانماندا لە هیچ ئەگەرێک نەترسێین و خۆمانی بۆ ئامادە بکەین

18:36 - 9 خاکەلێوه 2726

(پەیامی حیزبی دێموکرات بە بۆنەی ٧٩ ساڵەی لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد)

 

خەڵکی مافویستی کوردستان!

بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان!

 ٧٩ ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد، یەکەم سەرۆک‌کۆماری کوردستاندا تێ‌دەپەڕێ. ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٢٦ـی هەتاوی ئەو ڕۆژە بوو دامەزرێنەری یەکەم دەسەڵاتی مۆدێرن و دێموکراتیکی نەتەوەی کورد بە بڕیاری دادگایەکی فەرمایشی و زاڵمانەی دەسەڵاتی نگریس و دیکتاتۆریی پەهلەوی گیانی پاکی لێ ئەستێندرا. پاش هەشت دەیە لەو ڕووداوە تاڵە ئێستا کە دەڕوانینە ڕابردووی نەتەوەی کورد بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆمان دەردەکەوێ کە دەسەڵاتە ناخەڵکی و ستەمکار و داگیرکەرەکان مەحکووم بە لەنێوچوون و نەمانن. ئەو وانەی مافویستییەی لە کۆماری کوردستان و دامەزرێنەرەکەیەوە بۆ ئێمە ماوەتەوە، هەردەم لە یادمان‌دایە و هەمیشە چرای ڕێی تێکۆشانمان بووە؛ هەر بۆیەشە ئەو ڕێکەوتە بۆ ئێمە نەک هاوتای تازیەباری و دەست‌بەئەژنۆوەگرتن نەبووە، بەڵکوو هاندەر و دنەدەرێک بووە بۆ درێژەدان بەو ڕێ و ڕێبازە.

پێشەوا قازی محەممەد، ئەو کەسایەتییە هەڵکەوتووەی نەتەوەی کورد کە بە وتەی شەهید دوکتور عەبدوڕەحمانی قاسملوو "گوڵێک بوو و لە سەحرادا ڕوابوو"، هەموو ژینی کورت بەڵام پڕبەرهەمی سیاسیی خۆی تەرخانی کۆکردنەوەی هێز و یەکڕیزیی و سەروەریی نەتەوەکەی کرد، و لە وەسیەتی خۆیدا بۆ نەوەکانی داهاتووش - کە ئێمە و پاش ئێمەشە - چارەسەری تەبایی و یەکڕیزیی بۆ بەجێ هێشتووین. ئێستا پاش چەند دەیە لە شەهیدبوونی سەرکردەی شەهیدانی نەتەوەی کورد، ئێمەی کورد وەک ڕۆڵەکانی پێشەوا قازی محەممەد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەموو هەوڵی خۆمان داوە ئەو یەکڕیزییە بەجێ بێنین و وانەکانی پێشەوا لە یاد نەکەین.

لە دۆخی هەستیار و مێژووییی ئێستادا یەکڕیزی و هاوخەباتیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، یەکێک لە گەورەترین دەسکەوتە سیاسی و مێژووییەکانە و مایەی دڵخۆشیی میلیۆنان کوردە لە هەموو چوار پارچەی کوردستان، لە هەمان کاتیشدا چقڵی چاوی دەسەڵاتە دیکتاتۆری و پاشماوەی دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکانە و بووەتە کۆسپێکی گەورە لە بەردەم ملهوڕییاندا؛ ئێمە لەسەرمانە نەک تەنیا ئەم هاوپەیمانی و یەکڕیزییە بپارێزین، بەڵکوو دەبێ هەموو هەوڵی خۆمان بدەین بۆ بەرینترکردنەوە و بەهێزترکردنی هاوپەیمانییەکەمان و مزگێنیی پێش‌وەختەی سەرکەوتن بە نەتەوەکەمان بدەین.

پێشەوا قازی محەممەد فێری کردین یەکڕیز و یەکگرتوو بین، لە هەمان کاتدا فێری کردین لەپێناو بەدەست‌هێنانی مافەکانماندا لە هیچ ئەگەرێک نەترسێین و خۆمانی بۆ ئامادە بکەین. هەر بۆیە لە وڵاتی ئێمەدا هەزاران پێشمەرگەی گیان‌لەسەردەست، هەزاران چالاکی مەدەنی، هەزاران خەڵکی خوێن‌گەرم و ڕاپەڕیو گیانی خۆیان بۆ بەدەست‌هێنانی ئامانجەکانمان بەخت کردووە. هەر چەند مانگ لەمەوبەر بوو کەوا ڕۆڵەکانی نیشتمان لە پارێزگاکانی ئیلام و کرماشان و تەنانەت لە شارەکانی ئێرانیش، بۆ بەگژداچوونەوەی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی، ڕاپەڕین و شەقامیان پڕ کرد لە هاواری ڕزگاری، بەڵام بەداخەوە بە دڕندانەترین شێوە سەرکوت کران. ئەمە ئەو ڕاستییەمان پێ دەسەلمێنێ کە نەتەوەکەمان لە دانی تێچوو ناترسێ و سەرکوت و سێدارە گەر وڵامدەر بووایە، ئێمەی کورد لەدوای شەهیدبوونی پێشەوامان چیی تر ڕێی ئازادی و ڕزگاریمان نەدەگرتە بەر.

ئێمە ئەمڕۆ لە کاتێکدا و لە ١٠ی خاکەلێوە یادی ڕێبەرانی شەهیدمان بەرز ڕادەگرین کە نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە هەر کاتێک لە سەرکەوتن و ڕزگاری نزیک بوونەتەوە و لەگەڵ هەموو شەهیدانی ڕێی ڕزگاری و سەرفرازیی نەتەوەی کورد پەیمان نوێ دەکەینەوە و بەڵێنیان پێ دەدەین لەسەر ئاوات و ئاواتەکانیان پێداگر بین. داوا لە هەموو جەماوەری کوردستان دەکەین یادی ئەم ڕۆژە مەزنە بەشکۆوە بەڕێوە بەرن و کوردستان و مێژووەکەی و ویست و مافەکانی بەزیندوویی ڕابگرن.

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی کۆمەڵایەتی

٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ـی هەتاوی