ڕۆژنامەی "واشنگتۆن پۆست" لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا بڵاوی کردەوە، کە لە ئەنجامی چوار حەفتە هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ستراتیژیی سەربازیی تاران بە توندی لاواز بووە.
بەپێی وێنە ماهوارەییەکان، چوار ناوەندی سەرەکیی بەرهەمهێنانی مووشەکی بالستیکی و لانیکەم ٢٩ بنکەی هاویشتنی مووشەک زیانیان بەرکەوتووە.
ئەم ڕاپۆرتە ئاماژە بەوە دەکات کە ناوەندە گرینگەکانی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی مووشەک لە کۆمەڵگە سەربازییەکانی "خەجیر، پاڕچین، حەکیمیه و شاروود" تووشی وێرانیی زۆر بوون. تەنیا لە کۆمەڵگەی خەجیر ٨٨ پێکهاتە و لە شاروود ٢٨ تەلاری سەربازیی سپا لەنێو چوون.
کارناسان دەڵێن ئەم هێرشانە نەک هەر توانای دروستکردنی مووشەکی نوێیان ڕاگرتووە، بەڵکوو بەهۆی بۆردومانکردنی دەروازەی تونێلەکان، دەستڕاگەیشتن بە کۆگا ژێرزەوییەکانیشیان ئەستەم کردووە.
هاوکات هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" لە زمان پێنج بەرپرسی ئەمریکاییەوە پشتڕاستی کردووەتەوە کە نزیکەی یەک لەسەر سێ کۆگای مووشەکیی ئێران بە تەواوی لەنێو چووه و یەک لەسەری سێ دیکەشی بەهۆی داڕمانی تونێلەکانەوە، لەژێر خاک کەوتوون.