میدیا نێوخۆییەکانی ئێران لە زاری ناوەندی ئاماری ئێرانەوە ڕایانگەیاندووە کە ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانە لە کۆتایی ڕەشەمەی ١٤٠٤دا بە تێپەڕبوونی سنووری ٥٠ لەسەد، گەیشتووەتە ٥٠.٦ لەسەد و ئەم ژمارەیەش بە بەرزترین ئاستی هەڵاوسان لە ساڵانی دوای هاتنە سەر کاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دادەنرێت.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ بۆ ٧١.٨ لەسەد زیادی کردووە، ئەمەش بەو مانایەیە کە بنەماڵەکان بە تێکڕا نزیکەی ٧٢ لەسەد زیاتر لە ساڵی ڕابردوو بۆ کڕینی هەمان کاڵا و خزمەتگوزارییەکان تێچوویان داوە.
ئەم پێوەرە تەنیا لە یەک مانگدا ٥.٦ لەسەد گەشەی کردووە، کە نیشاندەری بەردەوامیی خێرایی هەڵاوسانە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ڕێژیم، پێشتر بەرزترین ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانە لە ساڵی ١٣٧٤دا بە ٤٩.٤ لەسەد تۆمار کرابوو، تەنانەت لە ساڵانی دواییشدا هەڵاوسان لە ٤٧.١ لەسەد تێپەڕی نەدەکرد.
ڕاگەیاندنی ئەو ئامارە لە کاتێکدایە، کارناسانی ئابووری بەردەوام ڕایانگەیاندووە کە ئاماری ڕاستەقینە هەڵاوسان و هەژاری و بێکاری لە ئێران زۆر زیاتر لە ئامارە بڵاوکراوەکان و دوور لە ئامارەکانی کۆماری ئیسلامییە.
بەرزبوونەوەی بێوێنەی هەڵاوسان، بێکاری و هەژاری هاوکات لەگەڵ شەڕ، توانای کڕینی بنەماڵەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و زۆرێک لە چینەکانی کۆمەڵگا بۆ ژێر هێڵی هەژاری پاڵنراون.