کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەپۆلی لەسێدارەدان لە ئێران بەردەوامە؛ جێبەجێکردنی حوکمی دوو بەندکراو

12:33 - 10 خاکەلێوه 2726

بەرەبەیانی دووشەممە ١٠ی خاکەلێوە، سزای سێدارەی دوو بەندکراوی سیاسی بە ناوەکانی "ئەکبەر دانشوەرکار" ٦٠ ساڵ و سەید "محەممەد تەقەوی سەنگدەهی" ٥٩ ساڵ، بە شێوەیەکی نهێنی و بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکانیان لە بەندیخانەی قزڵحساری کەرەج جێبەجێ کرا.

ئەم دوو هاووڵاتییە پێشتر بە تۆمەتی "بەغی" و ئەندامییەتی لە ڕێکخراوی "موجاهیدینی خەلق"، لەلایەن دادگای ئینقلابی تارانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

ئاژانسی "میزان"ی سەر بە دەزگای بەناو دادی ڕێژیم، تۆمەتی وەک "کردەوەی تیرۆریستی" و "دروستکردنی لانچەر" خستووەتە پاڵیان، بەڵام چاوەدێرانی مافی مرۆڤ جەخت دەکەنەوە کە ئەم دانپێدانانە لە ژێر ئەشکەنجەی توند و لە پڕۆسەیەکی نادادپەروەرانەدا وەرگیراون.

بە لەسێدارەدانی ئەو دوو هاووڵاتییە، ژمارەی بەندکراوە سیاسییە لەسێدارەدراوەکان لە سەرەتای شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامی گەیشتووەتە ٦ کەس.