
ئیبراهیم لاجانی
ڕێبواری ڕێی دوور کە ئەژنۆی دەلەرزێ و هەنگاوی شل دەبن، وچانێک دەدا و تۆشەبەرەی نێو کۆڵەپشتی دەردێنێ و نانێک دەخوا و سەرلەنوێ هێزی ڕۆیشتن و ورەی دێتەوەبەر.
بۆ ئێمەی ڕێبوارانی ڕێگای خەباتیش، ١٠ی خاکەلێوە و گەڕانەوە بۆ شەهیدانی نەتەوەکەمان، وەک سەرچاوەی ئیلهام، هەمیشە ورەمان وەبەردێنێتەوە و خەنجەری ڕوحییەی خەباتگێڕانەمان ئاو دەداتەوە.
بۆ تیشکخستنە سەر کەسایەتیی گەورە و مەسیحئاسای پێشەوا، چەند نموونەیەک لە هەڵوێستە بەرز و مێژووییەکانی لە چەند کۆنتێکست و چەند مەوقعییەتی جۆراوجۆردا دەخەینە بەرچاو. مرۆڤی سیاسی و خەباتگێڕ بە هەڵوێستە سیاسییەکانی دا ئیعتیبار و وەجاهەت سیاسی وەدەست دێنێ. جا دوایە کەسایەتیی پێشەوا دەخەینە بەر ڕووناکی.
(بە ئاڵای موقەدەسی کوردستان سوێند دەخۆم کە تا ئاخر هەناسەی ژیانم و ڕژاندنی ئاخر تنۆکی خوێنم بە گیان و ماڵ لە ڕێی ڕاگرتنی سەربەخۆیی کۆماری کوردستان و یەکێتیی کورد و ئازەربایجان موتیع و وەفادار بم)
سوێندی پێشەوا لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی کۆمار
(ئەوە کە لە ڕێگای ئازادیی نەتەوەی خۆم بکوژرێم، جگە لە ڕەحمەتی خودا شتێکی دی نییە. بە مەرگی جوامێرانەی خۆم شانازی دەکەم)
لە بەناو دادگادا
(ئەو مافە بە کەس نادەم سووکایەتی بە نەتەوەی من بکات. من لە پێناوی ئەو نەتەوەیەدایە کە ئێستا بە ئیعدام مەحکووم بووم. قازی محەممەد ئیدی شتێکی دیکەی نییە لە دەستی بدا، کەسێک دەست لە گیان هەڵگرێ، قسەی دڵی خۆشی دەکا. ئەوەی کە لە خوام دەویست، یانی شەهادەت لە ڕێگای خوا و وەتەندا بە دەستم هێناوە)
قازی محەممەد لە بەناو دادگادا
(ئەنگیزەی من بۆ ئەو کارانە کە کردوومن سەرزەمین و نەتەوەکەم بووە، هەر کارێک لەگەڵ من دەکەن بیکەن بەڵام دەست لە ئازاری نەتەوەکەم هەڵگرن)
دیفاعیات لە بەناو دادگادا
(لە ئاخرین سەعاتەکانی ژیانمدا، خودا بە شاهید دەگرم کە لە ڕێگای ئازادی و بەختیاریی ئێوەدا گیان و ماڵی خۆم فیدا کردووە لە هیچ هەوڵ و کۆششێک درێخیم نەکردووە)
وەسیەتنامە
(کوردستان سەرزەمینی نەتەوەی کوردە و ماڵی ئەوە. کەس مافی حەسادەت و بەخیلی نییە. هەموو لەو ماڵەی خۆیاندا ئازادن. هەرچی لە دەستان دێت بۆ ئازادیی کورد درێخی مەکەن)
وەسیەتنامە
پێشەوا ئەو لووتکە گەورەی جوگرافیای ناسیۆنالیزمی کوردستانی، دەکرێ لە گۆشەنیگای جۆراوجۆرەوە سەیری بکرێ. تا پتر لێی بڕوانی و لە پێرسپێکتیڤی جیاوازترەوە سەیری بکەین، پتر گەورەیی ئەو ئینسانە مەزنەمان بۆ دەردەکەوێ. من ئەو ماوەیە جارێکی دیکەش بە هەندێک لە بەڵگەنامەکانی سەردەمی کۆماردا چوومەوە و سەرەڕای سەرقاڵی زۆرم، هەندێک یاداشتم هەڵگرتوون کە پێشەوا لە گۆشەنیگای نزیکترەوە دێننە بەرچاو.
قازی هەر لەو ماوە کورتەدا کە پێی نایە مەیدانی سیاسەتی کوردی، بە خێراییەکی زۆر بوو بە ئەستێرەی هەرە پرشنگداری ئاسمانی کوردایەتی و خەباتی نیشتمانی و نەتەوەیی نەتەوەکەمان. ئەوەتا ئێستا بووەتە سەمبوولی قوربانیبوون، فیداکاری و بووەتە سەرچاوەی ئیلهام و سەرمەشقی خەبات بۆ هەموو ڕۆڵەکانی کورد لە کوردستان.
سیاسەتەکانی و بەرنامەی سیاسیی پێشەوا، پاش تێپەڕینی ئەو ماوە درێژەش، هەروا مەوزووعییەتیان هەیە و ئێستاش هەروا ڕێگاچارەی گیروگرفتەکانی ئێران و هەڵدان و گەشەکردنی کوردستان و وڵاتەکەمانن. دامەزرانی دێموکراسی، سڕینەوەی ستەمی نەتەوایەتی، دابینکردنی مافی کەمایەتییە نەتەوەیی و مەزهەبییەکانی وڵاتەکەمان، دابینکردنی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئابووری، دیسانترالیزەکردنی دەسەڵاتی ناوەندی و پێکهێنانی هەلومەرج بۆ کورد و نەتەوە بندەستەکانی دیکەی ئێران تا بتوانن لە پڕۆسەی سیاسی و حاکمییەتی گشتیدا بەشداری بکەن، هەروا مەسەلەی ڕۆژن لە سیاسەتی ئێراندا.
بەرنامەی سیاسیی پێشەوا بووەتە مانیفێستی کوردایەتی و ناسیۆنالیزمی هاوچەرخی کورد. دامەزراندنی دەسەڵاتی کوردستانی و دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسین، هەروا ئامانجی هەرە بەرزی بزووتنەوەی کوردە لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا. ئەو جادەیە کە قەتاری جووڵانەوەی کوردی پێدا دەڕوا، هەر ئەو جادەیەیە کە پێشەوا موهەندیسیی کردووە. ئێمە نەسڵەکانی دوای ئەو گەورەترین شانازیمان تەنیا ڕەنگە هەر ئەوە بێت، کە نەمانهێشتووە ڕێبازەکەی کوێر بێتەوە و خەباتەکەی ئەومان بردووەتە پێشێ. وەک شەهاب بە ئاسمانی خەباتی نەتەوەییماندا کشا و کوردی لە خەوی غەفڵەتی ژێر چەپۆک ڕاچڵەکاند و ئێستاش لەو شەوەزەنگە تاریکەدا لە پەنجەرەی مێژوومانەوە، هەروا دەبینرێ و دەدرەوشێتەوە.
پێشەوا مێژووی نەتەوەی کورد و ڕاپەڕینە نەتەوەییەکانی کوردی خوێندبووەوە. ئەزموون و ئامانجە سیاسییەکانی ڕێبەرانی پێش خۆی فۆرموولە کرد و لە شێوەی پڕۆژەیەکی سیاسیدا دایڕشت. بۆ ڕێبەریکردنی ئەو پڕۆژەیە، حیزب و تەشکیلاتی مۆدێرنی دروست کرد و دەوڵەتی لە شکڵی کۆماریدا بۆ پیادەکردنی ئەو پڕۆژە سیاسییە پێکهێنا. دواتر لە دادگادا و لە جەرەیانی سەفەرەکانیدا بۆ تاران دیفاعی لە کار و بەرنامەی سیاسیی خۆی و ئامانجەکانی نەتەوەی کورد کرد و تا سەر پێیان وەفادار مایەوە و گیانی خۆشی لەو پێناوەدا بەخت کرد. دوای مردنیشی بوو بە ڕەمزی فیداکاری لە پێناو نەتەوەدا.
لە دەورانی بزووتنەوە دژی ئیستیعمارییەکاندا، لە هەموو وڵاتانی ناوچەدا، ڕێبەرانی بزووتنەوەی دژی ئیستیعماری توند بە خەباتی دژی ئیستیعمارییەوە نووسابوون و دواتریش هەموویان دیکتاتۆر و سەرەڕۆ دەرچوون. پێشەوا لە سیاسەت و کردەوەدا، بۆ ئازادی و دێموکراسی، ڕزگاری لە ستەمی نەتەوایەتی و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی تێدەکۆشا و بە هەر سێکیان وەفادار بوو. لە ئەوپەڕی ئیقتداری سیاسیدا، خەڵکی و خاکەڕا و لە هەڵسوکەوتدا دێموکرات بوو و دێموکراتیش مایەوە. لەو دەورانە مێژووییەدا، لە نێو ڕێبەرانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەکاندا، ئەوە تەنیا پێشەوا بووە کە نەکەوتووەتە داوی سەرەڕۆییەوە.
عونسوری پێشکەوتنخوازی لە بەرنامەی سیاسی و کارنامەی حکوومەتی پێشەوادا وەک ڕۆژی ڕوون دیارە. ڕێفۆرمی ئەرزی و مەسەلەی دابینکردنی مافەکانی ژنان و پەرەپێدانی پەروەردە و فێرکردن و ئەمنییەتی قەزایی و سێکۆلاریزەکردنی دادگاکان باشترین نموونەی ئەو قسەیەن. لەگەڵ ئەوەدا کە پیاوێکی ڕووحانی بووە، بەڵام هیچ کات وەک ڕێبەری دینی لە حیزب و حکوومەتدا هەڵسوکەوتی نەکردووە و لە هەموو جێگایەک وەک ڕێبەری نەتەوەیی و سیاسی قسەی کردووە. نە دینی خستووەتە خزمەت ئامانجە سیاسییەکانی خۆی و نە سیاسەت و حیزب و حکوومەتی کردوونەتە بووکەشوشەی دەستی دین و مەزهەب. لە سەرتاسەری ئێراندا ئەو دەم ئاخوندەکان دژی ئیسڵاحاتی ئەرزی و مافەکانی ژنان بوون و دژایەتییان دەکردن، بەڵام پێشەوا تێدەکۆشا بیانکاتە واقیعییەتێکی ژیانی ڕۆژانە.
کۆماری کوردستان پرشنگدارترین قۆناغی مێژووی هاوچەرخی کورد و کوردستانە. ئەوەی تا ئێستا هەمانە و لە داهاتووشدا تا چاو بڕ بکات دەمانبێت، هەر لەوێڕا دەست پێ دەکات. بیگبانگ، تەقینەوەی گەورەی ناسیۆنالیزمی هاوچەرخی کوردستانی لەوێڕا سەرچاوە دەگرێ و ئێستاش ئەو ئینێڕژییەی کە وەری دەگرێ هەر لەو تەقینەوە گەورەیەوە پێی دەگات.
پێشەوا سەرۆکی حیزب و سەرکۆمار بوو، بەڵام قەت حکوومەتی نەکردە ئاڵقەبەگوێی حیزب. حیزبی نەکردە سەرباری حکوومەت و زنجیر بۆ دەست و پێی حکوومەت. قەت نەبوو لە کێوی سینای دەفتەری سەرکۆماری و سەرۆکایەتیی حیزبەوە فەرمان نازڵ بکات. بڕیارەکان دەستەجەمعی دراون و ڕاوێژیان لەسەر دەکرا و بە فیلتەرە پێویستەکاندا تێدەپەڕین، جا دوایەش لە ڕۆژنامەی کوردستاندا بڵاو دەکرانەوە و بە ئاگاداریی بیروڕای گشتی دەگەیەشتن.
حیزب ماتۆڕی بردنە پێشی بەرنامەکان و ڕێکخستنی نەتەوە و مۆبیلیزەکردنی تواناکان بوو نەک دەستوپێگر. هەموو ئیمکاناتی حیزبی خستبووە خزمەت حکوومەت نەک بە پێچەوانەوە. قەت خۆی لە جێی کۆمیتەی ناوەندی دانەدەنا و کۆمیتەی ناوەندیشی لە جێی حیزب دانەدەنا و حیزبیشی لە جێی نەتەوە دانەدەنا. خۆی و حیزب و کۆمار و دەوڵەتی بۆ خزمەتی نەتەوە دەویستن. پێشەوا بەرانبەر بیروڕای گشتی لەسەر هەست بوو. ئەو کەسێک نەبوو گوێ نەداتە بیروڕای گشتیی نەتەوە و ڕوانگە و بیروبۆچوونی هاوکارەکانی بە گرنگ دەگرت. مەیدانی بۆ دروستبوون و پێگەیشتنی چینی ناوەندیی کۆمەڵگەی کوردستان خۆش دەکرد. ئەدیب و زانا و فەرهەنگییەکانی کوردی لە دەوری حیزب و کۆمار کۆ کردبوونەوە و خستبوونیە خزمەت نەتەوە و پەرەسەندنی زمان و ئەدەب و کولتوور و پەروەردە و فێرکردنی نەتەوەیی. هەموو توانای ڕووناکبیرانەی کوردی خستبووە خزمەت خەبات و بەرنامەکانی حکوومەتی کوردستان. ئەو حیزبەی ئەو لە دوای خۆی بەجێی هێشت، ئێستاش هەروا خۆشەویستی خەڵکی کوردستانە و ئەوەش تا ڕادەیەکی زۆر لەوەڕا دێت کە حیزبی پێشەوایە و پێشەوا دایمەزراندووە.
پێشتر ڕێبەرانی بزووتنەوەی کورد بە هۆی پێگە و نفووزی عەشیرەتی و ئایینییەوە هاتوونەتە سەر. پێشەوا لە ڕێگای حیزبایەتی و کاری ڕێکخراوەییەوە هاتبووە سەر. ئەو هەم مەشرووعییەتی هەبوو هەم لێوەشاوەیی زانستی و سیاسی و هەم پاکژیی ئەخلاقی و هەم مەحبووبییەتی جەماوەری. پاش مەرگیشی هەروا خۆشەویست مایەوە. کەمن ئەو ڕێبەرانەی ئاوا لە نێو نەتەوەی خۆیاندا خۆشەویستن و هەر خۆشەویستیش بمێننەوە.
پێشەوا ڕزگاریخواز، ئازادیخواز، پێشکەوتنخواز و شۆڕشگێڕ بوو. ڕاستەوخۆ لەگەڵ نەتەوە پێوەندیی هەبوو. ئەو دیوانسالاری و بۆرۆکراسی بۆ بردنە پێشی بەرنامە و پڕۆژەکانی کۆمار هێنانە کایە و دامەزراوەگەلێکی بۆ کۆمەڵ و کۆمار دروست کرد، بەڵام وەک پێشەوای نەتەوەیی قەت نەهات خۆی لە قاوغی تەسک بۆرۆکراسیی حیزبی و دەوڵەتیدا زیندانی بکات. ئەو بە کردەوە ڕێبەرایەتی دەکرد و لە ڕیزی پێشەوەی کار و خەبات و هەوڵ و تێکۆشان بۆ چارەسەری گیروگرفتەکان بوو. خاکەڕا و خۆماڵی و بێ فیز و تەکەببوور بوو. ئەو هاتبوو وەک بۆخۆی لە ڕۆژی سوێندخواردنەکەیدا فەرمووی، سەر و ماڵی فیدای نەتەوە و نیشتمانەکەی بکات. ئینسانێکی زانا و خاوەن فەرهەنگ بوو، هەر بۆیەش بایەخێکی زۆری بە فەرهەنگ و ئەدەب و کولتوور دەدا. دەورانی حکوومەتی کۆماری کوردستان لە مێژووی نەتەوەی کورددا، تا ئەو دە دوازدە ساڵەی دوایی، پرشنگدارترین قۆناغی گەشەکردنی فەرهەنگ و زمان و ئەدەب و ڕۆژنامەگەریی کوردییە کە مێژوو بە خۆیەوە دیویەتی.
ئەو زمانە ئەدەبی و سیاسییەی ئەمڕۆ بەکاری دێنین، هەر هەمان زمانە کە لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا بوو بە زمانی ئەدەبی و سیاسی و ڕۆژنامەگەریی کوردی. نەخش و بەشی خەڵک لە بزووتنەوە و دەسەڵاتدا، نەخش و سەهمی هەرە زۆر بوو. پێشەوا دەسەڵاتی حیزبی و حکوومەتی لە دەستی خۆی و کەسوکارەکانیدا کۆ نەکردبووەوە. چەترێکی گەورە بوو کە هەموو لە ژێریدا جێگایان دەبووەوە. معیار بۆ ئەو خزمەت بوو. ئەو گەورەترین کۆڵەکەی هاوبەش بوو. مەخرەجی موشتەرەک بوو.
تەمەنی کەم بوو، هیچ عەشیرەت و تایفەیەکی لە پشت نەبوو، بەڵام توانی لە کۆمەڵگەی دواکەوتووی ئەو دەمی کوردستاندا، ببێتە کاریزمایەکی نەتەوەیی هێندە گەورە کە هەموو عەشیرەتە گەورە و ناتەبا و تەنانەت نەحەواوە لەگەڵ یەکتردا، لە دەوری فەرماندەییەکی سیاسی و نیزامی کۆ بکاتەوە و تەنانەت کوردەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستانیش، ڕاکێشێتە ژێر ئۆتۆریتەی نەتەوەیی کۆماری کوردستان.
پاکژیی ئەخلاقیی پێشەوا لە پلەیەکی هێندە بەرزدا بوو کە گەورەیی خۆی لە گەورەیی و مەزنیی نەتەوە و خەڵک و هاوکارەکانیدا دەدی و پێویستی بەوە نەبوو کەسانی دی نەبینێ و وەلایان بنێ. بە پێچەوانەوە ئەو دەیزانی گەورەیی و مەزنایەتی لەوەڕا دێت کە بتوانێ خەڵک و کەسانی گەورە و بە ئۆتۆریتە لە دەوری خۆی و بەرنامەکانی کۆ بکاتەوە نەک بە پێچەوانەوە. ئاخر کەسێک کە دەسەڵاتی سیاسی و حیزبی و حکوومەتی لە خۆی و دەوروبەری خۆیدا کۆ دەکاتەوە، کەسێکە کە توانای سیاسی و فکری و ئەخلاقییەکەی بەرتەسکە، کاراکتێرێکی بێهێزی هەبووە و دەوروبەرەکەشی هیچکارە و لێنەهاتوو بوون.
پێشەوا نیهادسازی کرد، بزووتنەوەی کردە نەتەوەیی و گشتی. حیزبی نەکردبووە فیرقە و سێکتێکی سیاسی، حیزبی دێموکرات لە سەردەمی پێشەوادا، جەبهەیەکی بەرینی نەتەوەیی بوو کە هەموو ڕۆڵەکانی کوردستان لە نێویدا جێیان دەبووەوە و هەمووشیان بە هی خۆیان دەزانی شاعیر وتەنی بە ملیۆن کورد، سوجدەیان بۆ دەبرد. ئەو خسڵەتە نەتەوەییەی کە وەک میرات بۆ حیزبی دێموکرات بە جێ ماوە هەر لە ئەو دەمەوە دێت کە پێشەوا کردییە حیزبی نەتەوەیی. حیزبی دێموکراتی دروست کرد و لە ڕێگای حیزبەوە بوو بە پێشەوای گەل و دواتر حیزبیشی خۆشەویست کرد.
دەڵێن هەر خەباتێک ڕێبەری خۆی دروست دەکات، حیزب و بزووتنەوەی کوردستان لە سەردەمی پێشەوادا جەماوەری و نەتەوەیی و گەورە و بەرین بوون، بۆیەش ئەو ڕێبەرە گەورەیان هێنایە مەیدان. ئەوەتا ئێستاش مەیدانی چوارچرا و گۆڕی پێشەوا، بوونەتە سەمبوولی نیشتمانپەروەری و مەکۆی کوردایەتی و قیبلە و زیارەتگای ڕێبوارانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان و پێشەوا لە دڵی نەتەوەی کورد و ویژدانی نەتەوەی کورددا هەر زیندووە و ڕێباز و ئامانجەکانی هەروا ئامانجی کۆمەڵانی بەرینی خەڵکی کوردستانن. گۆڕی پێشەوا بووەتە کورەی جۆشدانی کوردایەتی و لە سەرتاسەری کوردستاندا خەڵک سوێندی گەورەیان بە گۆڕی پێشەوایە.
ئەوە مانایەکی گەورەی مەعنەوی و ئەخلاقیی هەیە. بیری سیاسیی پێشەوا هێشتاش هەروا بە پێشەنگ دادەنرێت و مەوزووعییەتی هەیە و ڕوو لە گەشەیە. ئەو درەختەی پێشەوا چاندی، هەروا دێت پتر ڕەگ لە کوردستاندا دادەکوتێ. ئەو ئینێڕژییە نەتەوەییەی کە لە پشتی سەری بزووتنەوەی کوردستانەوە هەیە، بە تایبەتی ئەو هێزەی کە نەیهێشتووە حیزبی دێموکرات بشکێ، یان لە ڕەیلی خۆی لابدا، هەر ئەو ئینێڕژییەیە کە لە پێشەواوە پێی دەگات.
ئەمڕۆ بە ملیۆن کورد لە هەموو کوردستاندا پەیامی پێشەوایان کردووەتە مەشخەڵی ڕێنیشاندەری ڕێگای خەباتیان. هەموو هێزە کوردستانییەکان چ لە بەشی ڕۆژهەڵات یان لە بەشەکانی دیکە، لە ڕاستی ڕاستەوە تا چەپی چەپ و تەنانەت مەزهەبییەکانیش، شەجەرەی سیاسیی خۆیان دەبەنەوە سەر پێشەوا و دەیانەوێ مەشرووعییەتی لێ وەربگرن. هەموو هەسارەکانی کۆمەڵەی خۆر تین و ڕووناکی لە خۆر وەردەگرن، هەموو هێزە سیاسییەکانی کوردستانیش تین و ڕووناکی لە پێشەواوە وەردەگرن. ئەو گەرمی و ڕووناکییەش لە بن نایەت و دەگاتە هەمووانیش. ئەو شوێنەوارەی پێشەوا لەسەر تاکی کورد، نەتەوەی کورد، سیاسەتی کورد و ویژدانی نەتەوەیی کوردستانی بە جێی هێشتووە، باشترین بەڵگەی ئەو قسەیەن.
ڕاستە کۆماری کوردستان ڕووخا و بزووتنەوە پاشەکشەی کرد، بەڵام بیری پێشەوا نەشکا، چونکە شکست ئەوەیە قەت هەڵنەستییەوە. هەر کەس پاش کەوتنەخوار درەنگ یان زوو هەستێتەوە، نەشکاوە. بەرنامەی سیاسی و حیزبیی پێشەوا و خەباتی پێشەوا، بە جۆرێک لە کوردستاندا ڕەگیان داکوتاوە، کە ئەوتا شەوەزەنگی ڕەشی ئیستبدادی ئاخوندیش، نەیتوانیوە، لە گەشە و هەڵدانیان بخات. پێشەوا و کۆماری کوردستان و بەرنامەی سیاسیی پێشەوا ئێستا بوونەتە ڕێفێرێنس و نەسڵەکانی ئێستا و داهاتووی کوردستان خۆیانی پێ پێناسە دەکەن. چونکە قۆناغی دەوڵەتی کۆماری کوردستان، لە مێژووی نەتەوەی کورددا بەرجەستەگیی مێژوویی هەیە و سەردەمی زێڕێنی مێژووی دەسەڵاتدارییەتیی هاوچەرخی کوردە.
پێشەوا هەموو هەڵوێستەکانی چ لە پێوەندی لەگەڵ تاران و چ لەگەڵ تەورێز و چ لەگەڵ زلهێزەکان و چ لە پێوەندی لەگەڵ مەسەلە نێوخۆییەکانی کوردستاندا، تەنیا لە گۆشەنیگای بەرژەوەندیی کوردستان و دێموکراسییەوە دەگرتن. لێزانییەکی بێوێنەی لە فۆرموولەکردنی داخوازەکانی نەتەوەی کورد و پەیامی سیاسیی خەڵکی کوردستان و حیزبی دێموکراتدا هەبوو. ئەوەش بوو پێشەوای کردبووە ڕێبەرێکِ تەواو عەیاری نەتەوەیی. لە خۆڕا نەبوو بە پێشەوا و هەروا بە پێشەواییش مایەوە.
پێشەوا فیداکاریی کرد و تەڵەبکاریش نەبوو. ئەو لە دادگاشدا دەزانێ شەهیدی دەکەن، بەڵام دیفاعی سەرسەختانە لە نەتەوەی کورد و داخوازەکانی نەتەوەی کورد دەکات. لە وەسیەتنامەکەشیدا و لەسەر سێدارەش هەر داوا لە ڕۆڵەکانی کوردستان دەکات خەبات بەرنە پێش و خواش بە شاهیدی دەگرێ کە بە سەر و ماڵ، خزمەتی نەتەوەی خۆی کردووە و داوا دەکات ئەگەر قسوورییەک هەیە نەتەوەکەی بیبەخشن. بەم جۆرە ئەو هیچ تەڵەبکار نییە و فیداکاریشی بۆ ئەوە نەکردووە لە نەتەوەکەی تەڵەبکار بێت. تەنیا داوای ئەوەیە نەتەوە پشت بە یەک ببەستن و خۆیان بە عیلم و زانست تەیار کەن و خەبات بەرنە پێش و نەیەڵن ئاگری خەبات لە نێڵە بکەوێت. بۆیە لە پێدەشتی بزووتنەوەی کورددا بووەتە لووتکەی هەرە بەرزی فیداکاری و گیانبازی و نیشتمانپەروەری و وڵاتپارێزی.
ئەوە چەند دەیەیە کە تەواوی دەزگای تەبلیغاتی دەوڵەتی ئێران و ناسیۆنالیزمی مەزنخوازی ئێرانی و کۆنەپەرستیی ناوچە و تەنانەت زڕەچەپی کورد و ئێرانیش کەوتوونەتە خۆ تا پێشەوا تەخریب کەن و خۆی و بەرنامە و کارنامەکەی ڕەش کەن، بەڵام نەک هەر نەیانتوانیوە زەڕەیەک لە گەورەیی و خۆشەویستیی پێشەوا کەم کەنەوە، بەڵکوو پێشەوا هەروا دێت و مەزنتر و خۆشەویستر دەبێت و بەرنامەی سیاسیی پێشەوا ئەمڕۆ بووەتە بەرنامەی ڕێگاچارەی گیر و گرفتەکانی وڵاتە خۆشەویستەکەمان. ئەو کەسایەتییەک بوو تێدەکۆشا کۆرپەی ئازادی و ڕزگاریی کوردستان، لە نێو نەتەوەی کوردەوە بۆ سەر دونیا هیدایەت بکات. حیزب و تەشکیلاتی بۆ ئەو کارە دەویست و حیزب بۆ ئەو کەناڵی خزمەت بە گەل و نیشتمان بوو.
پێشەوا کەسێک بوو کە مێژووی کورد و زەمان هێنابوویە پێشەوە. لە ماوەیەکی کورتدا کە دەستی بە کاری سیاسی کرد، نەخشی هێندە گەورەی گێڕا کە لە مێژووی نەتەوەی خۆیدا بوو بە گاندییەک، ماندێلایەک. ئەو دروستکەر بوو. خۆی و دەزگای حکوومەتەکەی دوور بوون لە گەندەڵی. ئێستاش دروستکاری نەک بە فەزیڵەت بەڵکوو بە موعجیزە دادەنرێ، کەچی پێشەوا لە هەموو گەندەڵی و دەستپیسییەک بەدوور بوو. ئەو کێوێک بوو لە ئەخلاقییەتی بەرز و ئیستراتیژیی سیاسی و سەلامەتیی ویژدانی. هەر بۆیەش ئیعتبارێکی سیاسی و مەعنەویی گەورەی لە نێو نەتەوەدا هەبوو. دەڵێن مێژوو ڕوحم بە کەس ناکات. پێشەوا لە نێو ڕێبەرە سیاسییەکانی نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ناوچەدا، لە ڕیزی هەرە پێشەوەی ئەو ڕێبەرانەدایە - کە ژمارەشیان بەداخەوە زۆر کەمە - کە لە ئیمتیحانی سەختی مێژوو دەرچوون و ڕووسوور هاتوونە دەر.
لایەنێکی دیکەی گەورەیی پێشەوا لە ئەو پیلانە گەورەیەوە دێت کە کۆنەپەرستی و ئیمپریالیزم و دوژمنانی کورد لە دژی ئەو و حکوومەتەکەی بەڕێوەیان برد. ئەو ڕاستییە لە ڕەوتی دادگادا و لە چۆنییەتیی حوکمدانی قازییەکان و لەداردانیاندا بە باشترین شێوە دەردەکەوێ. پێشەوا بێکیفایەت نەبوو، بەڵام پیلانێکی نێونەتەوەیی لە دژی ئەو وەڕێخرا کە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی ئەودا بوو. ئەو ژمارەیەکی کەم کارتی بۆ یاری لە دەستدا بوون، لە هەموو کارتەکان بە باشترین شێوە کەڵکی وەرگرت. توانا و لێوەشاوەیی و دروستکاری و مودیرییەت و بەتەگبیریی پێشەوا پێشتر لە زۆر بواردا تاقی کرابووەوە. ئەوەی ڕوویدا ئاکامی پیلانی هاوبەشی زلهێزان و کۆنەپەرستی بوو. بە بڕوای من گەورەترین تایبەتمەندیی پێشەوا ئەوەیە کە ئەو وەک ڕێبەر و پێشەوای نەتەوەی کورد لە بەرامبەر نەتەوە و مێژوودا هەستی بە بەرپرسایەتی دەکرد. ڕێبەرانی ئێستای کورد دەبێ زۆر دەرسی بە نرخ لە پێشەوا فێر بن، بەڵام لە هەمووان گرنگتر ئەوەیە ئەو هەستی بەرپرسایەتی لە بەرامبەر نەتەوە و مێژوودا، لە قازیی نەمر فێر بن.
کەسایەتییە سیاسی و ڕووداوە مێژووییەکان، بە ئەو پێوانەیە هەڵدەسەنگێنرێن، کە لە کاتی خۆیان و لە دوای خۆیان چ شوێنەوارێکیان بە جێ هێشتووە و چ کاریگەرییەکیان داناوە. جا ئەگەر لە ئەو پێرسپێکتیڤەوە تەماشای کەسایەتیی سیاسیی پێشەوا و ئەو ڕووداوانە بکەین کە لە ماوەی ڕێبەرایەتیی ئەودا ڕوویان داوە - هەر لە دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، تا ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان و پاشان ئیعدامی پێشەوا - هەر کام لە ئەو ڕووداوانە بە تەنیا و بە سەر یەکەوە و شەخسییەتی سیاسیی پێشەوا و حوزووری پێشەوا لە حافیزەی نەتەوەیی کورددا، ئەوە دەردەخەن کە پێشەوا و هەڵوێستە سیاسییەکانی و کاروکردەوەکانی، گەورەترین ڕووداوی مێژووی سیاسیی کوردن لە مێژووی هاوچەرخی کورددا و تەکانی یەکجارەکییان بە نەتەوەی کورد داوە و بە لووتکەی گەشەکردنی ناسیۆنالیزمی کوردستانی دادەنرێت. کورد ئاوات و ئارەزووەکانی خۆی ئێستاش هەر لە ئامانجەکانی کۆماری کوردستاندا دەبینێ، ئەو ئامانجانەی کە لە کەسایەتیی سیاسیی پێشەوادا تەجەسومیان پەیدا کردبوو و پێشەوا گیانی خۆشی لە ڕێگای ئەواندا دانا.
ئێستاشی لەگەڵ بێت پێشەوا گەورەترین و بەهێزترین کەسایەتیی سیاسی و خەباتگێڕانەی نێو بیر و زەینی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کوردە کە وەک سەرمەشقی خەبات و تێکۆشان و فیداکاری لە پێناوی ئازادیی کورد و کوردستاندا، تەوافوقی نەتەوەیی لەسەرە. ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کۆماری کوردستان لە لایەن پێشەواوە، بە هەر پێوانەیەک هەڵیسەنگێنین، بە ڕاوەستانەوەی سیاسی و ڕاسانی کورد لە دژی ئەو وەزعە مەوجوودە دادەنرێت، کە سەدان ساڵە کورد لە نێویدا بەسەر دەبات. ئەوەتا ئێستاش پێشەوا هێزێکی ئەخلاقی و سیاسیی هێندە گەورە و ئینێڕژییەکی پۆزەتیڤی هێندە زۆرمان پێ دەبەخشێ، کە چ وەک تاکی کورد و چ وەک نەتەوەی کورد بەرەو پێشەوەمان دەبات.
پێشەوا دید واتە ئاسۆ یان بە واتایەکی دیکە ڤیژن (Vision)ی دا بە بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد. واتە ئاسۆی ئەو بزووتنەوەی دەستنیشان کرد. بە ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان ڕێگای خەباتی نەتەوەی کوردی دیاری کرد. ڤیژن لەگەڵ هەڵسوکەوتی تاکتیکی فەرقی هەیە. ئێستا پێگەی جووڵانەوەی کورد لە سیاسەتی ڕۆژانەدا هەرچییەک بێت، ڤیژن لە ئەو سیاسەتە تاکتیکیانە بەرزتر و بڵندترە. ڕێگای کەژڕەوی و هەڵخلیسکان دەگرێ. ئەوەی پێشەوا کردی نابێت بە ئیدیالیزم دابنرێت و بە ئەو بیانوەوە بە کەم بگیردرێ. ئیدیالیزم خۆی لە خۆیدا شتێکی خراپ نییە. بەستراوەتەوە بە ئەوەی کە دەتەوێت کورد و کوردستان بەرەو ئازادی و سەربەخۆیی بەریت یان داوای مەدینەی فازیڵە و کۆمەڵگەی بێتەبەقەی تەوحیدی و دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریا دەکەیت. کورد وەک نەتەوەیەک زەرفییەتی ئەوەی تێدایە و حەقی ئەوەشی هەیە بە ئازادی بگات و دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی دامەزرێنێ و خۆی بگەیەنێتە ئاستی نەتەوەکانی دیکەی دونیا. واتە مافی ئەوەی هەیە ڕێگای پەرەسەندنی خۆی دیاری بکات. ئەو خەباتەی کورد دەیزاتە پێش بۆ گەیشتنە بە لووتکەی بەرزی پەرەسەندن و پێشکەوتن کە بریتییە لە ئازادی و ڕزگاری لە ستەمی نەتەوایەتی و مافی چارەی خۆنووسین.
پێشەوا ڕۆڵەی زەمانی خۆی بوو. ئەو توانی لە ئەو دەرفەت و ئیمکاناتانە کە ئەو دەم بۆ کورد ڕەخسابوون بە باشترین شێوە کەڵک وەرگرێ. ئەگەر قسە و هەڵوێستە سیاسییەکانی پێشەوا لێک بدەینەوە، بۆمان دەردەکەوێ کە هەم ڤیژنار بووە و هەم واقیعبین (Grounded) بووە. واتە پێی سیاسەت و هەڵوێستەکانی لەسەر ئەرزی واقیع بووە و چاویشی لە ئاسۆ و ئاسمان و ئەستێرەکان بووە. واتە واقیعبین بووە بەڵام هەرگیز ئاسۆی خەباتی کوردستانی لە بەر چاو ون نەبووە. ئازادیی کوردستان بۆ قازی مەسەلەی سەرەکی بووە. لە ڕوانگەی ئەوەوە کورد مەسەلەی کورتخایەن و درێژخایەنی نییە. کورد مەسەلەی کورتخایەن و درێژخایەنی یەکە: ئازادی و ڕزگاری. مەسەلەی کورتخایەنی کورد درێژخایەنەکەیەتی و مەسەلەی درێژخایەنەکەشی مەسەلەی کورتخایەنییەتی. سیاسەتگوزاریی ڕۆژانەیی پێشەوا، لە ڕوانگەی ستراتیژیکی پێشەوا جیا ناکرێتەوە. ئەوە فەلسەفەی کاری سیاسیی پێشەوایە.
ئامانجی پێشەوا بە لەداردانی پێشەوا نەمرد و تەنانەت گەورەتر و مەزنتریش بووە. پێشەوا بووەتە ئیلهامبەخشی نەسڵە یەکلەدواییەکەکانی نەتەوەی کورد. ئێمە وەزیفەی بردنە پێشی ئەو ئامانجەمان لەسەر شانە. با تێکۆشین شایستەی ئەوە بین کە ڕێبواری ڕێگای پێشەوا و ئامانج و ڕێبازی پێشەوا بین. بۆ ئەو مەبەستە دەبێ سیاسەتی خۆمان لە سۆز و عاتیفە و ئایدیۆلۆژی پاک کەینەوە. با تێکۆشین لە هەموو زەرفییەتی ئەو نەتەوەیە بۆ ڕزگاری کەڵک وەرگرین. دەبێ لە پشتی مەنشووری قازانج و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی کورد، سیاسەتەکانی خۆمان بدەینە بەر دید. دەبێ شەهامەتی ئەوەمان هەبێت لە ئەشکەوتی کەهفی هەزارساڵەمان بێینە دەر. دونیای تەنگی سیاسەتی خۆمان بە جێ بێڵین و ڕاست لە قەلبی مەسەلەکە بدەین. مەسەلەی ئێمە زۆر جدییە. مەسەلەی ژێردەستیی نەتەوەیەکە لە سەدەی ٢١دا، پێشەوا لە هەلومەرجێکدا ئاڵای ئەو خەباتەی هەڵگرت کە ئیمکاناتێکی زۆر کەمی بۆ کەڵک وەرگرتن لە بەر دەستدا بوو، ئێمە ئۆقیانووسێک لە دەرفەت و ئیمکاناتمان لە بەر دەستدایە. با تێکۆشین لە ئەو ئیمکاناتە لە ئەو ئینێڕژییە زۆرەی کە بۆ خەبات لە نێو نەتەوەکەماندا هەیە، بە باشترین شێوە کەڵک وەرگرین.