کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆرایەکی سێ کەسی قۆناغی ڕاگوزەری پاش خامنەیی لە ئەستۆ دەگرن

12:29 - 10 رەشەمه 2725

بەپێی زانیارییەکان، مەسعوود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران، غوڵامحوسێن موحسێنی ئیژەیی بەرپرسی دەسەڵاتی دادوەری و پارێزەرێک لە شۆرای نیگابان، بەرپرسایەتیی قۆناغی ڕاگوزەری ئێران دوای مردنی خامنەیی لە ئەستۆ دەگرن.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی، هەواڵی کوژرانی چوار فەرماندەی باڵای ڕێژیم لەوانە "عەبدولڕەحیم مووسەوی بەرپرسی ستادی هێزە چەکدارەکان، محەممەد پاکپوور فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران، عەلی شەمخانی ڕاوێژکاری خامنەیی و سکرتێری ئەنجومەنی بەرگری و عەزیز نەسیرزادە وەزیری بەرگری و پشتیوانیی ‌‌هێزە چەکدارەکان"یان پشتڕاست کردووەتەوە.

ئیسرائیل، بەرەبەیانیی شەممە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دەست پێ کرد، پاشان واشنگتۆن ڕایگەیاند، ئەم ئۆپەراسیۆنە بەرفراوان و هاوبەشە لەگەڵ ئیسرائیل بە ئامانجی ڕووخاندنی ڕێژیمی ئێران ڕێک خراوە.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە پۆستێکی سۆشیاڵ میدیادا نوسیویەتی: "وڵات بە شێوەیەکی بەرفراوان لەناو چووە، بەڵام بوردمانە قورسەکانمان بۆ حەفتەیەک یا تا ئەو کاتەی دەگەین بە ئاماجەکانمان، بەردەوام دەبێت".

ترامپ، ئاماژەی بەوەش داوە، ئامانجمان لەم هێرشانە لەناوبردنی توانا سەربازییەکانی ئێران، ڕووخاندنی ڕێژیمی دەسەڵاتدار و بەروڕووبوونەوەی "هەڕەشە نزیکەکان" لەدژی نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانەکانییەتی.

ئەم ئۆپەراسیۆنە پاش لەشکرکێشیی عێراق، بە یەکەم ئۆپەراسیۆنی شێوازی خۆی لە ناوچەکەدا دادەنرێت، کە واشنگتۆن بە جێگیرکردنی ‌‌‌هێزی دەریایی و ئاسمانیی فراوان لە ناوچەکەدا ئامادەکاریی بۆ کردبوو.