هاوکات لەگەڵ لاوازبوونی توانای نیزامی و پەککەوتنی ژێرخانە ئابوورییەکان، ڕێژیمی ئێران لە ترسی ڕاپەرینی جەماوەری و داڕمانی یەکجاری، پەنای بۆ سەرکوتکردنی توندی نەیاران و چالاکانی مەدەنی بردووە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی هەوڵدەریی "ڕۆیتێرز"، هێرشەکان بۆ سەر بەندەرەکان و تێکشکانی ٩٢لەسەدی توانای کەشتیگەلی بازرگانی و سەربازیی ئێران، شادەماری ئابووریی وڵاتەکەیان پەک خستووە.
شرۆڤەکارانی ئابووری پێیان وایە کۆماری ئیسلامی ڕووبەڕووی قەیرانێکی وا بووەتەوە کە تەنانەت ئەگەر شەڕیش بوەستێت، ئاوەدانکردنەوەی وێرانکارییەکان چەندین دەیەی دەوێت. ئەم دۆخە سێبەری ڕاپەڕینێکی سەرانسەریی بەسەر دەسەڵاتداراندا قورستر کردووە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە ستراتیژیی نوێی هێزە ئەمنییەکان کراوە؛ ڕێژیم نەک هەر قوتابخانە و نەخۆشخانەکان وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنێت، بەڵکوو ئەو شوێنانەی کردووەتە ناوەندی دەستبەسەرکردنی کاتی بۆ سەرکوتی چالاکانی سیاسی و مەدەنی.
دەستبەسەرکردنی ٥ هاووڵاتی لە شاری سەقز بە تۆمەتی بەکارهێنانی ستارلینک، نموونەیەکی ئەم هەوڵە بێهیوایانەی ڕێژیمە بۆ بڕینی پەیوەندیی خەڵک لەگەڵ جیهانی دەرەوە.
ڕۆیتێرز جەخت دەکاتەوە کە بە پێچەوانەی ئیدعا فەرمییەکان بۆ یەکڕیزی، نیشانەی کەلێنی گەورە لە ڕیزە باڵاکانی دەسەڵاتدا دەبینرێت. لە کاتێکدا هەندێک لە بەرپرسان لە ترسی دادگایی کردن لە قۆناغی دوای شەڕ یان داڕمانی لەناکاوی ڕێژیم، خەریکی وتووێژی نهێنین بۆ دۆزینەوەی ڕێگەی دەربازبوون، توندڕەوەکانی نێو دەسەڵاتیش بە توندوتیژی و بە بارمتەگرتنی هاووڵاتییان، هەوڵی مانەوە لەسەر کورسیی دەسەڵات دەدەن.