ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە ڕاپۆرتێکدا بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان و هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانی ڕۆژاوا ڕایگەیاند، سەرەڕای بەردەوامیی پێکهاتەی ڕێژیم لە ئێران، پڕۆسەی بڕیاردان لە تاران بە شێوەیەکی بەرچاو تووشی شڵەژان و پەککەوتن بووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، نەمانی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی لە هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، لەوانە کوژرانی عەلی خامنەیی و دەیان بەرپرسی سەربازی و ئەمنییەتی، توانای هەماهەنگی بۆ وڵامدانەوەی تۆڵەسەندنەوەی لاواز کردووە.
ئەم ڕەوتە لە ڕۆژانی دواتریشدا بە نەمانی بەرپرسانی وەک وەزیری ئیتلاعات و فەرماندەکانی سپای پاسداران بەردەوام بووە.
نیویۆرک تایمز زیادی کرد کە ئەم دۆخە هەوڵە دیپلۆماسییەکانیشی ئاڵۆزتر کردووە؛ چونکە دانوستانکارانی ئێرانی زانیارییەکی کەمیان هەیە سەبارەت بە دەسەڵاتی ڕاستەقینەی حکوومەت بۆ پێدانی ئیمتیازات.
لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدە هاتووە کە فەرماندە ماوەکانی سپای پاسداران هێژموونی زیاتریان پەیدا کردووە و توندڕەوەکان دەسەڵاتی زیاتریان لە پێکهاتەی بڕیارداندا بەدەست گرتووە.
لەم نێوەدا، لەسەر ئاستی کۆنتڕۆڵی موجتەبا خامنەیی بەسەر حکوومەتدا، گومان هەیە و بەوتەی سەرچاوە ئەمریکاییەکان، لاوازبوونی پێکهاتەی بڕیاردان دەبێتە هۆی ئەوەیکە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ واشنگتۆن سەختتر بێت، هەرچەندە هێشتا ڕوون نییە کە ئایا تاران خۆی لە پێگەی شکستدا دەبینێت یان نا.