مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جارێکی دیکە هۆشداریی دایە کۆماری ئیسلامی کە گەرووی هۆرمۆز بۆ هاتوچۆی کەشتییەکان بە کراوەیی بهێڵێتەوە و پێبەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان بێت.
ڕۆبیۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "ئەلجەزیرە" ڕایگەیاند: "یان ئێران ڕێز لە مافە نێودەوڵەتییەکان دەگرێت و ئەم ڕێڕەوە ستراتیژییە داناخات، یان هاوپەیمانییەک لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان بە بەشداریی ئەمریکا دڵنیایی دەدەن لەوەی کە گەرووی هۆرمۆز بە کراوەیی دەمێنێتەوە."
ناوبراو لە هەمان کاتدا وردەکاریی لەسەر شێوازی جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە نەخستە ڕوو، بەڵام هۆشداریی دا کە بەردەوامبوونی داخستنی ئەم ڕێگەیە "دەرهاویشتەی ڕاستەقینە"ی بۆ ئێران دەبێت.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەروەها ڕایگەیاند کە ئامانجە سەرەکییەکانی هێرشەکانی ئەم دواییە، لاوازکردنی تواناکانی ئاسمانی و دەریایی کۆماری ئیسلامی و کەمکردنەوەی بەرچاوی سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک بووە و ئەم ئامانجانەش لە ماوەی چەند حەفتەیەکدا بەدی دێن و پاشان مژاری گەرووی هۆرمۆز دێتە بەر باس.
سەبارەت بە ئەگەری گفتوگۆ لە نێوان هەردوولادا، ڕووبیۆ وتی کە پەیامەکان بە شێوەی ناڕاستەوخۆ و لە ڕێگەی میدیاکانەوە لە ئارادان. جەختیشی کردەوە کە دۆناڵد ترامپ دیپڵۆماسیی پێ باشترە، بەڵام خوازیاری بەدەستهێنانی ئەنجامی بەرجەستە و هەست پێکراوە.