کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی نوێی ئەرتەشی ئیسرائیل لەسەر وردەکارییەکانی ئۆپەراسیۆنی "نەڕەی شێران" دژی ئێران

12:32 - 12 خاکەلێوه 2726

ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "نەڕەی شێران"دا، تا ئێستا پتر لە ٨٠٠ هێرشی ئاسمانی بە بەکارهێنانی نێزیکەی ١٦ هەزار جۆرە تەقەمەنی ئەنجام دراون.

ئەم ئۆپەراسیۆنە بە بەشداریی بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەکان، هێزی ئاسمانی و هەواڵگریی سەربازی و بە مەبەستی "کردنە ئامانجی سیستماتیکی ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێران" جێبەجێ کراوە.

وتەبێژی ئەرتەش زیادی کرد کە دوای شەڕە ١٢ ڕۆژە، پتر لە ٥هەزار ئامانجی نوێ لەلایەن هەواڵگریی سەربازییەوە دەستنیشان کراون و لە ڕەوتی ئۆپەراسیۆنەکەدا هێرشیان کراوەتە سەر. هەروەها، هەڵمەتێکی چەند بەرەیی ئەنجام دراوە کە تێیدا نێزیکەی ٧هەزار ئامانج لە سەرانسەری ناوچەکانی شەڕدا پێکراون.

ئەرتەشی ئیسرائیل جەختی کردەوە کە تەواوی ئامانجە هەرە گرینگ و پێویستەکان لە ڕەوتی شەڕدا لەنێو براون. ئامانجە گرینگەکان بریتین لە پیشەسازیی مووشەکە بالیستیکەکان و ئەو بەشانەی پەیوەندییان بە بەرنامە ئەتۆمییەکانەوە هەیە؛ هەروەها ئامانجە پێویستەکانیش کە پیشەسازییە سەربازییەکانی ئێران لە ئاستی ئۆپەراسیۆنیدا ڕادەگرن، کراونەتە ئامانج.

ئەم زانیارییانە ڕەهەند و توندیی ئۆپەراسیۆنی "نەڕەی شێران" نیشان دەدەن و جەخت لەوە دەکەنەوە کە هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل و بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەکان لە هەوڵێکی هەماهەنگ و هەمەلایەنەدا بوون بۆ لاوازکردنی توانای سەربازیی ئێران.