کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی مانگانەی کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکیەتیی لاوان لە مانگی مارسدا

10:39 - 16 خاکەلێوه 2726

کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕاپۆرتی پێشێلکارییەکانی مانگی مارسی ٢٠٢٦ی بڵاوکردەوە. لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە زیادبوونی گوشارە ئەمنییەکان و دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە شارە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دراوە.

 بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزییە سەربازییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل، دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی پەنایان بۆ شەپۆلێکی بەرفراوانی ڕەشبەگیری بردووە و تەنیا لەم مانگەدا لانیکەم ٤٠ هاووڵاتییان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تۆمەتی جۆراوجۆر دەستبەسەر کردووە.

لە بەشێکی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە زۆربەی ئەم دەستبەسەرکردنانە لە شارەکانی مەهاباد، سەقز، نەغەدە و چەند ناوچەیەکی دیکە بووە، کە تێیدا تۆمەتی وەک "سیخوڕی بۆ بیانی" و "بەکارهێنانی ئینتێرنێتی ستارلینک" دراوەتە پاڵ هاووڵاتییان.

توندبوونەوەی ئەم ڕێکارە ئەمنییەتییانە لە کاتێکدایە کە چارەنووسی زۆربەی دەستبەسەرکراوەکان نادیارە و بنەماڵەکانیان هیچ زانیارییەکیان لەسەر شوێنی ڕاگرتن و بارودۆخی تەندروستییان لەبەر دەستدا نییە، ئەمەش نیگەرانییەکی قووڵی لای ناوەندە مرۆییەکان دروست کردووە.

سەبارەت بە سزای لەسێدارەدان، کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکیەتیی لاوان ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی مانگی مارسدا، لانیکەم ١٣ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی ورمێ، سنە و کەرەج لەسێدارە دراون.

 جێبەجێکردنی ئەم سزایانە لە بارودۆخێکی ناڕووندا بووە و زیندانییەکان لە سەرەتاییترین مافەکانی وەک هەبوونی پارێزەر و دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کرابوون، کە ئەمەش پێشێلکردنی ئاشکرای بنەما نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤە.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا، یەکیەتیی لاوان وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی جیددی بەرانبەر بە پچڕاندنی هێڵەکانی ئینتێرنێت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جەخت دەکاتەوە کە ئەم کارەی ڕێژیم تەنیا بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان و ڕێگریکردنە لە گەیشتنی دەنگی گەلی کورد بە ناوەندە جیهانییەکان.