کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واڵ ستریت ژۆرناڵ: ترامپ هەڵەی دیپلۆماسی لەگەڵ کۆرەی باکووری بەرامبەر بە ئێران دووبارە نەکردەوە

10:45 - 16 خاکەلێوه 2726

ڕۆژنامەی "واڵ ستریت ژۆرناڵ" لە سەروتار و یاداشتێکی شیکاریدا، بە بەراوردکردنی ئەزموونی کۆرەی باکوور، شێوازی مامەڵەی دۆناڵد ترامپی بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران لێکداوەتەوە و جەختی کردووەتەوە کە ناوبراو ڕێگری کردووە لە دووبارەبوونەوەی "هەڵەی دیپلۆماتیک" لە دۆسیەی ئەتۆمیدا.

ئەم ڕۆژنامەیە نووسیەتی هەوڵە چەند دەیە بۆ سنووردارکردنی بەرنامەی ئەتۆمی کۆرەی باکوور لە ڕێگەی دانوستان و ڕێککەوتنەوە، لە کۆتاییدا شکستی هێنا و پیۆنگ‌یانگ دەستی بە چەکی ئەتۆمی گەیشت.

لەسەر ئەم بنەمایە، نووسەر وای دەبینێت کە پشت بەستن بە دیپلۆماسی بەبێ گوشاری یەکلاکەرەوە، تەنیا دەبێتە هۆی کڕینی کات بۆ پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکان.

لە سەروتاری واڵ ستریت ژۆرناڵدا هاتووە کە ترامپ دوای ئەوەی ناوی ناوە "شکستی دیپلۆماسی" بەرامبەر بە ئێران، بڕیاری دا بژاردەی سەربازی بەکاربهێنێت؛ بڕیارێک کە بە وتەی ئەم ڕۆژنامەیە، هۆشیارانە و پڕ مەترسی بووە، بەڵام لە چاو بژاردەکانی دیکەدا، بە کەم ‌مەترسیدارتر هەژمار دەکرێت.

هەروەها ئەم شیکارییە جەخت دەکاتەوە کە خوێندنەوەی دووبارەی ئەزموونی کۆرەی باکوور نیشانی دەدات خۆ دوورخستنەوە لە ڕووبەڕووبوونەوە و وەپێشخستنی دانوستان، دەکرێت دەرئەنجامی زۆر سەختتری لێ بکەوێتەوە.

بەۆێی ئەو ڕۆژنامەیە، ڕێککەوتنەکانی پێشوو لەگەڵ ئێران ئەگەرچی هەندێک سنووردارییان دروست کرد، بەڵام ژێرخانە ئەتۆمییەکانیان بەتەواوی لەنێو نەبرد و هەر ئەم بابەتەش گومانەکانی سەبارەت بە کارایی دیپلۆماسی زیاد کردووە.