ڕۆژی شەممە، ١٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ی هەتاوی، خاتوو "فاتمە حوسێنی" هاوژینی "سەید عەوڵای مارەغانی" و دایکی شەهید "سەید محەممەد حوسێنی"، بەهۆی بەساڵاچوویەوە لە تەمەنی ٨٥ ساڵیدا و لە شاری سەردەشت کۆچی دوایی کرد.
خاتوو فاتمە ژنێکی نیشتمانپەروەر و خۆشەویستی ناوچەی سەردەشت بوو. بنەماڵەکەیان لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە تێکەڵ بە خەباتی سیاسی بوون و وەک بنەماڵەیەکی شۆڕشگێڕ ناسراون.
ناوبراو ماوەیەک لە تەمەنی خۆی لەگەڵ بنەماڵەکەی لە باشووری کوردستان و لە دەوروبەری بنکەکانی حیزب بە ئاوارەیی ژیانی بەسەر بردووە. ئێستاش چەند کەس لە ئەندامانی ئەم بنەماڵەیە لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا درێژەدەری ڕێگای شەهیدانن.
شەهید سەید محەممەد حوسێنی، کوڕی خاتوو فاتمە، لەدایکبووی ساڵی ١٣٤١ی هەتاوی لە گوندی "مارەغان" بوو. ناوبراو ڕێکەوتی ١١ی گەلاوێژی ١٣٦٣، لە گوندی "کاوژان"ی ناوچەی ئالانی سەردەشت لەگەڵ هاوسەنگەرێکی بە ناوی "عەوڵا کۆڵەسەیی" کەوتنە کەمینی هێزەکانی ڕێژیم و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی کوردستان بوون.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەیەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری خاتوو فاتمە حوسێنی دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.