کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شاری وێستڕۆسی سوید بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ڕێورەسمێک بەڕێوە چوو

11:27 - 16 خاکەلێوه 2726

لە شاری وێستڕۆسی وڵاتی سوئێد، کۆڕیادێک بۆ ڕێزگرتن لە یادی ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە، ١٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ی هەتاوی، کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سوید، بۆ ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی کوردستان، کۆڕێکی بۆ ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و کوردانی دانیشتووی ئەو وڵاتە پێک هێنا.

سەرەتای بەرنامەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.

پاشان "عینایەت دەشتی" وەک پێشکەشکاری بەرنامە بەخێرهاتنی بەشدارانی کرد و دواتر "بێستوون فروغی" بەرپرسی کۆمیتەی وێستڕۆس وەک خانەخوێ وتەیەکی کورتی پێشکەش کرد.

لە بڕگەیەکی دیکەدا، پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزب لەلایەن "نەبەز عەلیدووست" بەرپرسی کۆمیتەی گشتییەوە خوێندرایەوە و دەقی وەسیەتنامەی پێشەوا قازی محەممەد بە دەنگ بڵاو کرایەوە.

بەشی سەرەکیی یادەکە تەرخان کرابوو بۆ کۆڕێکی سیاسی لەلایەن "عەبدوڵڵا حیجاب" کادری پێشووی حیزب و چالاکی سیاسی. ناوبراو لە وتەکانیدا تیشکی خستە سەر کەسایەتیی پێشەوا و وتی: "پێشەوا زۆرترین کاریگەریی لەسەر مێژووی نەتەوایەتیی ئێمە هەبووە و نەیویست گەلەکەی لەو بارودۆخە سەختەدا بە تەنیا جێ بهێڵێت."

عەبدوڵڵا حیجاب لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی لە گرینگیی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستان کردەوە و داوای کرد تاکی کورد لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پشتیوانی ئەم یەکگرتووییە بن. هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە هێزە کوردییەکان مێحوەرێتیی خۆیان بەسەر ئۆپۆزیسیۆنی ئێراندا بسەپێنن و وەک ڕێکخراوترین هێز، کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر گۆڕانکارییەکانی داهاتووی ئێران هەبێت.