دوای ئەوەی دۆناڵد ترامپ و بەرپرسانی ئەمریکایی سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی فڕۆکەوانێکی فڕۆکە تێکشکاوەکەی ئەمریکایان لە ئێران پشتڕاست کردەوە، سەرچاوەکانی هەواڵ لە ئێران کوژرانی ۹ کەسیان لە پارێزگای کۆهگیلوویە و بۆیەر ئەحمەد ڕاگەیاند.
سەرۆککۆماری ئەمریکا چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر ڕایگەیاند کە فڕۆکەوانی بێسەروشوێن بووی فڕۆکەی ئەمریکا کە لەلایەن ڕێژیمی ئێران تێک شکێنرابوو، بەدەستی هێزە نێردراوەکانی ئەمریکاوە ڕزگار کراوە، بەڵام لەو بەیاننامەیەدا هیچ ئاماژەیەک بە ئەگەری پێکدادان نەکرابوو.
لەگەڵ ئەوەشدا، هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیم لە ئێران لە زمان سەرچاوە تەندروستییەکانەوە ڕایانگەیاندووە کە لە ئەنجامی هێرشی شەوی ڕابردوو بۆ سەر ناوچەی ''کوه سیاه'' پێنج کەس کوژراون و هەشت کەسی دیکەش بریندار بوون.
هەروەها لە درێژەی ئەو هێرشانەدا، چوار کەسی دیکەش لە ناوچەکانی "وەزگ" و "کاکان" گیانیان لەدەست داوە.
کۆماری ئیسلامی بۆ دۆزینەوەی فڕۆکەوانی ئەمریکا لە خاکی ئێران، بڕە پارەیەکی زۆری وەک خەڵات دیاری کردبوو و ئەوەش وای کردبوو کە جگە لە هێز و بەسیجییەکانی ڕێژیم، خەڵکێكی زۆری مەدەنیش لە ناوچە شاخاوییەکان بەدوای ئەو فڕۆکەوانەدا بگەڕێن و گیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە.