بەرەبەیانی یەکشەممە ١٦ی خاکەلێوە، چەند وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرانە ئامانجی هێرشە دڕۆنییەکانی ڕێژیمی ئێران، کە بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە و زیانی ماددی لە دامەزراوە نەوتی، پێترۆشیمی و وزەییەکاندا، بەڵام بە وتەی بەرپرسانی نێوخۆیی، هیچ زیانێکی گیانی ڕانەگەیەندراوە.
لە کوەیت، سەرچاوە فەرمییەکان ڕایانگەیاند کە دوو وێستگەی کارەبا و دامەزراوەیەکی شیرینکردنی ئاو بە دڕۆنەکانی کۆماری ئیسلامی کراونەتە ئامانج.
ئەم هێرشانە بوونە هۆی زیانی ماددیی بەرچاو و ڕاوەستانی کاتیی دوو یەکەی بەرهەمهێنانی کارەبا.
هەروەها، ئاگرکەوتنەوە لە کۆمەڵگەی نەوتیی "شوەیخ" و کۆمەڵگەیەکی ئیداری سەر بە وەزارەتە دەوڵەتییەکان ڕاگەیەندراوە و تیمەکانی تەکنیکی و فریاگوزاری بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە و هەڵسەنگاندنی زیانەکان ڕەوانەی شوێنەکە کراون.
لە بەحرەین، شیرکەتی نیشتمانیی نەوت هەواڵی ئاگرکەوتنەوەی لە یەکێک لە دامەزراوەکانی کۆگاکردن ڕاگەیاند کە دوای ماوەیەک کۆنترۆڵ کرا و زیانەکان لەژێر هەڵسەنگاندندان.
هەروەها لە کۆگای سووتەمەنیی کۆمپانیای باپکۆ، ئاگرکەوتنەوەیەکی هاوشێوە ڕوویدا کە ئێستا لەژێر کۆنترۆڵدایە.
هەروەها لە ئیمارات، کۆمەڵگەی پترۆشیمی "بروج" لە ئەبوزەبی کرایە ئامانج. بەرپرسانی نێوخۆیی ڕایانگەیاند کە پارچەکانی مووشەک و دڕۆنەکان دوای تێک شکاندنیان لەلایەن سیستەمی بەرگرییەوە لەنێو ئەم کۆمەڵگەیەدا کەوتوونەتە خوارەوە، چالاکییەکان ڕاگیراون و هەڵسەنگاندن بۆ زیانەکان بەردەوامە.
لەدوای دەستپێکی شەڕ، ڕێژیمی ئێران بە بەردەوامی دامەزراوەکانی نەوت، کارەبا و وزەی لە وڵاتانی کەنداو کردووەتە ئامانج و شارەزایان هۆشداری دەدەن کە بەردەوامیی ئەو هێرشانە دەکرێت ببێتە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر ئەمنییەتی وزە و سەقامگیریی ناوچە.