کارناسانی ئەمنییەتی و سەربازی باس لەوە دەکەن کە بەشێکی بەرچاو لە جبەخانە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرچاوەکەی بۆ کۆرەی باکوور دەگەڕێتەوە و لە هێرشەکانی ئەم دواییەدا بەکاری هێناون.
بەپێی ڕاپۆرتێکی کاناڵی "فاکس نیوز"، بروس بەچتۆل، پسپۆڕی بواری ئەمنییوتی و مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی "ئانجێلۆ"ی تێگزاس ڕایگەیاندووە: "کۆرەی باکوور فرۆشیارە و ئێران کڕیار؛ بەشێکی زۆری مووشەکە بالستیکەکانی ئێران یان ڕاستەوخۆ لە کۆرەی باکوور کڕدراون، یان لەسەر بنەمای تیکنەلۆژی ئەو وڵاتە پەرەیان پێ دراوە."
ئەم شارەزایە کە کتێبێکی لەسەر هاوبەشیی ستراتیژیی نێوان تاران و پیۆنگ یانگ نووسیوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو مووشەکانەی ئاڕاستەی دوورگەی "دیێگۆ گارسیا" کراون لە جۆری "مووسوودان" بوون. ئێران لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە ١٩ دانە لەو مووشەکانەی لە کۆرەی باکوور وەرگرتووە و خاوەنی ئەو توانستەیە.
ناوەندە ئەمنییەکان هۆشداری دەدەن کە پەرەسەندنی هاوکاریی مووشەکیی نێوان تاران و پیۆنگ یانگ، لە کاتێکدا کە گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوپەڕی ئاستی خۆیدایە، دەبێتە هۆی تێکچوونی زیاتری ئەمنییەتی ناوچەکە و جیهان.