کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا زۆربەی جبەخانەی مووشەکە دژە ڕادارەکانی دژی ئێران بەکار دێنێت

15:34 - 16 خاکەلێوه 2726

هەواڵدەریی "بلۆمبێرگ" باسی لەوە کردووە کە ئەمریکا بۆ تەرخانکردنی تەواوی کۆگای مووشەکە کڕوزە دوورهاوێژ و دژە ڕادارەکانی جۆری (JASSM-ER) بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجە ستراتیژییەکانی نێو خاکی ئێرانئامادەکاری دەکات.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، واشنگتۆن بۆ کەمکردنەوەی مەترسی لەسەر هێزە ئاسمانییەکانی، پشت بەم جۆرە مووشەکە پێشکەوتووانە دەبەستێت. سەرچاوە ئەمنییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە کە بەشێکی زۆری سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێران تێک شکێندراوە، بەڵام خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی (F-15E) و پێکانی هێلیکۆپتەرە فریاگوزارییەکان لەم دواییانەدا، دەری دەخات کە هێشتا مەترسییەکان ماون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە بلۆمبێرگی ڕاگەیاندووە کە لە چوار حەفتەی یەکەمی شەڕەکەدا، ئەمریکا زیاتر لە هەزار مووشەکی JASSM-ERی بەکار هێناوە. هەروەها وێنە بڵاوکراوەکانی هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" نیشانی دەدەن کە لە بنکەی ئاسمانیی "فەیرفۆرد"ی بریتانیا، مووشەکی کڕوز لەسەر بۆمبهاوێژە زەبەلاحەکانی (B-52) بار دەکرێن بۆ ئەنجامدانی هێرشی نوێ لەنێو خاکی ئێراندا.

هاوکات لەگەڵ ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان، جووڵەی هێزە زەمینییەکانی ئەمریکا وەک "مارێنز" و "چەتربازەکان" زیادی کردووە. گومان دەکرێت ئەمریکا پلان بۆ کۆنترۆڵکردنی دوورگەی خارک دابنێت، کە ناوەندی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانە.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە لێدوانێکی نوێدا هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە "ئێران دەگەڕێننەوە بۆ سەردەمی بەردین"، بەبێ ئەوەی ڕوونی بکاتەوە مەبەستی تەنیا ژێرخانە سەربازییەکانە یان مەدەنییەکانیش دەگرێتەوە.