کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی توندی ترامپ بۆ لێدانی ژێرخانە هەستیارەکانی کۆماری ئیسلامی

17:01 - 16 خاکەلێوه 2726

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە نوێترین هەڵوێستیدا جارێکی دیکە هەڕەشەی لە کۆماری ئیسلامی کرد و باسی لە ئەگەری هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر ژێرخانە هەستیارەکانی ئێران کرد.

ترامپ لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشاڵ" ڕایگەیاندووە: "سێشەممە، ڕۆژی وێستگەکانی کارەبا و ڕۆژی پردەکان دەبێت؛ هەمووی لە یەک ڕۆژدا، لە ئێران."

ناوبراو بە زمانێکی هەڕەشەئامێز ڕوو لە دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران وتی: "ئەو گەرووە بکەنەوە، دەنا لە نێو دۆزەخدا دەژین؛ تەنیا تەماشا بکەن."

ترامپ پێشتر مۆڵەتێکی دیاریی کردبوو، کە سەرەتا پێنج ڕۆژ بوو و دواتر بۆ دە ڕۆژ درێژکرایەوە و جەختی کردبووە کە ئەگەر تاران لە سیاسەتەکانی نەکشێتەوە، ژێرخانە سەرەکییەکان لەوانە وێستگەکانی کارەبا و دامەزراوە هەستیارەکان دەکرێنە ئامانج.

ئەم هەڕەشانە لە کاتێکدا دێن کە گرژییەکان لە ناوچەی کەنداو بەهۆی زیادبوونی هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان و پەککەوتنی ڕێڕەوەکانی وزە، گەیشتووەتە ئاستێکی بێ‌وێنە.