بە ڕاپۆرتی "واڵ ستریت ژۆرناڵ"، ڕاوێژکارە باڵاکانی دۆناڵد ترامپ پێشنیارێکیان کردووە کە هێرشکردنە سەر ژێرخانە هەستیارەکانی ئێران، لەوانە وێستگەکانی کارەبا و پردەکان، دەکرێت وەک بژاردەیەکی سەربازیی "ڕەوا" لەبەر چاو بگیرێت.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم ڕاوێژکارانە لەو بڕوایەدان کە کردنە ئامانجی ئەم جۆرە ژێرخانانە دەتوانێت توانای ئێران لە بوارەکانی مووشەکی و ئەتۆمیدا بە توندی لاواز بکات.
ترامپیش ئەم ڕوانگەیەی پەسەند کردووە و لە لێدوانەکانی ئەم دواییانەیدا هۆشداریی داوە کە لە ئەگەری نەگۆڕانی هەڵسوکەوتنەکانی تاران، هێرشی بەرفراوانتر ئەنجام دەدرێن.
لەو چوارچێوەیەدا، ئەمریکا پێشتر پردێکی گرینگی لە نزیک تاران کردووەتە ئامانج. بەرپرسانی ئەمریکا وتوویانە کە ئەو پردە دەتوانرا بۆ گواستنەوەی کەرەستەی سەربازی لەوانە مووشەک و دڕۆن بەکار بهێنرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم ڕوانگەیە ڕووبەڕووی ڕەخنەی بەرفراوان بووەتەوە. شارەزایانی یاسایی و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشدارییان داوە کە کردنە ئامانجی ژێرخانە مەدەنییەکان ڕەنگە لێکەوتەی مرۆیی بەرفراوانی هەبێت و تەنانەت وەک پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان هەژمار بکرێت.
هەندێک لە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا دەترسن کە ئەم جۆرە هێرشانە ببێتە هۆی کاردانەوەی هاوشێوەی ئێران دژی ژێرخانەکانی وزە لە ناوچەکەدا و مەودای پێکدادانەکان فراوانتر بکات.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدا ڕوو دەدەن کە گرژییەکانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان هێشتا ڕوو لە زیادبوونە و هەڕەشە و هەنگاوە بەرانبەرەکان، مەترسیی پەرەسەندنی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان زیاتر لە جاران بەرز کردووەتەوە.