لێکۆڵینەوە لە پەیوەندیی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و کۆمەڵگەی کورد، لە ساڵانی یەکەمی دوای شۆڕشی ١٩٧٩ تا ئێستا، نیشاندەری نەخشەیەکی تاڕادەیەک جێگیر لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمنی، بێمتمانەیی سیاسی و کەڵک وەرگرتن لە ئامرازی توندڕەوانەیە. ئەم شێوازە، کە لە ئاستە جیاجیاکانی ناوخۆ و تەنانەت دەرەوەی سنوورەکان دەبینرێت، ڕەگ و ڕیشەی لە پێکهێنانی سەرەتایی سیستەمی سیاسی و چۆنیەتیی پێناسەکردنی ”پرسی کورد” وەک بەرهەڵستکارێکی ئەمنی هەیە. لەو چوارچێوەیەدا، بۆ باشتر تێگەیشتن لەم پرۆسەیە، شیکاریی مێژوویی و سیاسیی هەندێک ڕووداوی سەرەکی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت.
یەک لە خاڵە وەرچەرخێنەرەکانی ئەم ڕێگایە، فەرمانی بەناو ”جیهاد” بوو کە لە ساڵی ١٩٧٩ لەلایەن ئایەتوڵڵا خومەینی دژ بە کورد و بزووتنەوە کوردییەکان دەرچوو. ئەم فەرمانە، کە لە کەشێکی ئایدیۆلۆژی و بە ئاماژەیەکی ئایینی - لەوانەش بە پشتبەستن بە سوورەتی ”النصر”— درابوو، وەک یەکەم چوارچێوەی فەرمی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توند لەگەڵ داواکارییە سیاسییەکانی کورد دێتە ئەژمار. لە کردەوەدا، ئەم پرسە بووە هۆی بەهێزبوونی بەستێنی ئەمنیی بۆ پارێزگاکانی کوردستان. هەروەها ڕێگای خۆش کرد بۆ ململانێی بەربڵاو، سەرکوتی سەربازی و بەرتەسککردنەوەی کەشوهەوای مەدەنی و سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا.
لە دەیەکانی دواتردا، ئەم نەخشەیە تەنیا بە جوگرافیای ناوخۆی ئێرانەوە سنووردار نەبوو، بەڵکوو ڕەهەندی سنووربەزاندنیشی تێپەڕاند. یەکێک لە نموونە دیارەکان، تیرۆرکردنی چالاکانی کورد لە کاتی دانوستانەکانی ڤیەننا لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٩٨٩ کە بوو بە هۆی شەهیدکردنی کەسایەتییەکانی وەک دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو - سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران - و هاوڕێیانی. ئەم کارەساتە کە لە چوارچێوەی گفتوگۆ سیاسییەکاندا ڕوویدا، لەلایەن زۆرێک لە شیکەرەوان وەک نموونەیەک لە بەکارهێنانی توندوتیژیی لە ژێر پەردەی دیپلۆماسیدا لێکدراوەتەوە.
چەند ساڵ دواتر، بە ڕووداوی تیرۆری میکۆنۆس لە ساڵی ١٩٩٢ لە بەرلین، جارێکی دیکە سەرنجی بیروڕای گشتی و دامەزراوە دادوەرییەکانی ئورووپا بۆ سەر ئەم شێوە کردەوە تیرۆریستییانە ڕاکێشرا. لەم تیرۆرە ناجوانمێرانەدا، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، شەهید دکتۆر سادق شەڕەفکەندی، لەگەڵ چەندین سەرکردە و تێکۆشەری کورد شەهید کران. دەرەنجامە یاساییەکانی ئەم ڕووداوە، بەتایبەتی لە دەزگای قەزایی و دادوەریی ئەڵمانیا، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ئورووپایی لێکەوتەوە؛ بەجۆرێک کە هەوڵ و ئەنجامی ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکانی ڕژێم، سەروەری و بواری ئەمنیی وڵاتانی ئورووپایی خستە ژێر پرسیارێکی بێ وڵام!
جگە لەوانەش، چەندین ڕاپۆرت لەسەر سەدان کردەوەی تیرۆریستی یان هەوڵە تیرۆریستییەکان لە دژی چالاکوانانی کورد لە وڵاتانی ئورووپا، هەرێمی کوردستان و باقی وڵاتانی ناوچەکە بڵاوکراونەتەوە. ئەم حاڵەتانە، چ ڕاستەوخۆ لەلایەن مۆرەکانی خودی ڕژێم و چ لە ڕێگەی هێزە «نیابەتییەکان» وەک بەشێک لە کردەوە و هەوڵە ستراتیژییەکان بۆ ملکەچکردن و کۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆنی کورد لێکدراونەتەوە. ئەم دیاردەیە، جگە لە پێشێلکارییە سیاسی و یاسا نێودەوڵەتییەکان، لە بواری مافەکانی مرۆڤ و تێکدانی ئاسایش و ئارامی، بووەتە باس و بابەتی گرنگ لە کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان و وڵاتانی پەیوەندیدار بەو کێشە و گرفتانەوە.
لە ساڵانی دواییدا، سەبارەت بە ڕەهەندی سەربازیی ئەم سیاسەتانە لە شێوازی هێرشە مووشەکییە بالیستییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بۆ سەر ناوچە سنوورییەکان، بەتایبەتی بۆ سەر کەمپی پەنابەران و چالاکانی کوردی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان، تێبینی لەسەر کراوە. ئەم هێرشانە کە زۆرجار قوربانیی مەدەنی و زیانی مرۆیی لێکەوتووەتەوە، لەلایەن ئێرانەوە وەک دابینکردنی بەشێک لە ”ئەمنییەت و ئاسایشی نەتەوەیی” پاساوی بۆ هێنراوەتەوە! کەچی ئەو هێرشانە، پێشێلکاریی ئاشکرای سەروەریی ئەو وڵاتانە و سەرەڕۆیی ئەو ڕژێمە دەسەلمێنێت!
جگە لەوەش، هەندێک لە شیکارییەکان ئاماژە بە ڕۆڵی هێزی هاوپەیمان و نیابەتییەکانی ئێران لە ناوخۆی عێراق دەکەن کە دەستیان لە هێرشکردنە سەر ژێرخانی ئابووری و شوێنی نیشتەجێی خەڵکی سڤیل و مەدەنی لە هەرێمی کوردستاندا هەبووە و هەیە! ئەم دۆخە بووەتە هۆی گرژی و ئاڵۆزیی زیاتری بواری ئەمنیی و تەنانەت ناسەقامگیریی پەیوەندییە سیاسییەکان و هەروەها نەریتی هاوسێیەتیی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی ناوچەکە.
لە ناوخۆی عێراقیش، پرسی ناوچە جێناکۆکەکان، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی لە چوارچێوەی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقیدا پێناسە کراون، گرنگییەکی تایبەتییان هەیە. هەندێک ڕاپۆرت و بۆچوونەکان ئاماژە بە هەوڵدان بۆ گۆڕینی پێکهاتەی دیمۆگرافیی ئەو ناوچانە، کە بە ”تەعریب” ناسراوە، بە زیانی کورد دەکەن. هەرچەندە ئەم پرسە ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی هەیە، بەڵام لە چوارچێوەی کێبڕکێی ئێستادا هەروا وەک بابەتی جێی مشتومڕ ماوەتەوە.
لە کۆتاییدا، دەکرێت بگوترێت کە پەیوەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ پرسی کورد، زیاتر لە چوار دەیە، بە شێوەیەکی سەرەکی وەک ڕەوتێکی ئەمنییەتتەوەر پێناسە کراوە. ئەم بۆچوونە، لە سەرکوتی ناوخۆییەوە تا ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکان، و هەروەها هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەکتەرە هەرێمییەکان دەگرێتەخۆ. لەگەڵ ئەوەشدا، بەردەوامبوونی ئەم دۆخە نەک تەنیا بۆ چارەسەری بنەڕەتیی کێشەکە یارمەتیدەر نەبوو، بەڵکوو لە زۆر حاڵەتدا هۆکاری دروستبوونەوەی گرژی و بێمتمانەییش بووە. لەو ڕوانگەیەوە، هەندێک لە شارەزایان جەخت لەسەر پێویستیی گواستنەوە لە ڕەوتە ئەمنییەتتەوەرەکان بۆ چارەسەری سیاسی و وتووێژتەوەر دەکەن کە لەسەر بنەمای دانپێدانان بە مافە نەتەوەییەکانی کورد (بە جەختکردنەوە لەسەر جوگرافیا، مێژوو و شوناسی نەتەوەیی) وەک ڕێگەیەک بۆ سەقامگیری، پێکەوەژیان و گەشەسەندنی بەردەوام لە کوردستان و تەواوی ناوچەکە دەبێت دروست بکرێت.