کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی بەرپرسی کاروباری بازرگانیی قەرارگای نەوتی سپای تێرۆریستی پاسداران

23:07 - 16 خاکەلێوه 2726

ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لە بەردەوامیی هێرشەکانیدا بۆ سەر ئامانجە پەیوەندیدارەکان بە کۆماری ئیسلامی، یەکێک لە بەرپرسە پلەبەرزەکانی سەر بە پێکهاتەی ئابووریی سپای پاسدارانی لە تاران کردووەتە ئامانج و کوشتوویەتی.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل ڕۆژی هەینی بە پشتبەستن بە زانیارییە هەواڵگرییەکان، "محەممەد ڕەزا ئەشرەفی قەهی"، بەرپرسی بەشی بازرگانی قەرارگای نەوتی سپای پاسدارانیان لە ناوچەیەک لە تاران کردووەتە ئامانج.

ئەشرەفی سەرپەرەستیاری چالاکییە بازرگانییەکانی قەرارگای نەوتی دەکرد کە ساڵانە بە بڕی میلیاردها دۆلار دەخەمڵێندرێن و سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی دارایین بۆ بەهێزکردنی توانای سەربازیی سپای پاسداران و گرووپە نیابەتییەکانی لە ناوچەدا، وەک حوسییەکان، حیزبوڵڵا و حەماس.

هەروەها ئەم داهاتانە بۆ پەرەپێدانی سیستەمی مووشەکی بالستیکی و دڕۆنی سپا تەرخان دەکرێن کە لە هێرشەکان دژی خاکی ئیسرائیل، وڵاتانی کەنداو و تێکدانی ژێرخانی وزەی ناوچەکە بەکاردەهێنرێن.

شایانی باسە کە پشکی سپای تێرۆریستی پاسداران لە نەوتی ئێران تەنانەت لە پشکی دەوڵەتیش زیاترە و ئەو داهاتەش تەنیا بۆ سیاسەتە شەڕەنگیزەکانی خۆی و هێزە نیابەتییەکانیی کەڵکی لێ وەرگیراوە.