کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی یونیسێف بە ئێران: بەکارهێنانی منداڵان لە چالاکییە سەربازییەکان ڕابگرن

10:09 - 17 خاکەلێوه 2726

سندووقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف)، لە کاردانەوە بەو ڕاپۆرتانەی سەبارەت بە بەکارهێنانی منداڵان لە بازگەکانی "بەسیج" لە ئێران بڵاو کراونەتەوە، ئەم هەنگاوەی بە پێشێلکارییەکی ئاشکرا و جیددیی مافەکانی منداڵان زانی و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی کرد.

یونیسێف لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئیکس" ڕایگەیاند، ڕاپۆرتی نیگەرانکەری سەبارەت بە بەکارهێنانی منداڵان لە چالاکییە پەیوەندیدارەکان بە دامەزراوە سەربازییەکان بەدەست گەیشتووە؛ کارێک کە بە وتەی ئەم ناوەندە نێودەوڵەتییە، پێچەوانەی بنەما بنەڕەتییەکانی مافی منداڵ و پابەندییە نێودەوڵەتییەکانە.

ئەم ڕێکخراوە جەختی کردەوە: "داوا لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەین کە خۆی لە هەر جۆرە ڕاکێشانێکی سەربازیی منداڵان بپارێزێت."

ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدا دێت کە پێشتریش ڕێکخراوی چاوەدێری مافەکانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکی جیادا، باسی لە ئەنجامدانی چەندین کەمپەین لەلایەن هێزی قودسی سپای پاسداران بۆ ڕاکێشانی منداڵان کردبوو.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، تەنانەت منداڵانی تەمەن ١٢ ساڵ و خوارتر بوونەتە ئامانجی ئەم بەرنامانە.

ڕەخنەگران دەڵێن بەردەوامیی ئەم جۆرە ڕێکارانە، نیشانەی بێبایەخیی پێکهاتەیی کۆماری ئیسلامییە بەرامبەر بە مافە بنەڕەتییەکانی منداڵان؛ بابەتێک کە داهاتووی ئەم منداڵانە ڕووبەڕووی مەترسی دەکاتەوە.