کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی یەکێکی تر لە دەستبەسەرکراوانی مانگی بەفرانباری لەسێدارە دا

10:11 - 17 خاکەلێوه 2726

دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامی هەواڵی لەسێدارەدانی "عەلی فەهیم"، یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ی بڵاو کردەوە.

هەواڵدەریی "میزان"ی سەر بە دەزگای دادوەری ڕێژیم، ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خاکەلێوە، ڕایگەیاند کە فەهیم بە تۆمەتی "بەشداری لە کردەوەی دژ بە ئەمنییەتی وڵات" سزای لەسێدارەدان و دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و سامانی بەسەردا سەپێنرابوو.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ناوبراو لە ئێوارەی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ لەگەڵ سێ کەسی دیکە دەستبەسەر کرابوو.

لە هەمان دۆسیەدا، محەممەد ئەمین بیگلەری و شاهین واحیدپەرستیش ڕۆژێک پێش ئەوە لە سێدارە دران و ئەمیرحوسێن حاتەمی، تۆمەتبارێکی دیکەی ئەم دۆسیەیە، حەفتەی ڕابردوو لە سێدارە درا و لە هەمان کاتدا، "ئەبولفەزل ساڵحی سیاوەشانی" هێشتا لەژێر مەترسی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەداندایە.

لەگەڵ ئەوەشدا، هیچ وردەکارییەک سەبارەت بە پرۆسەی لێکۆڵینەوە، دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چۆنییەتی بەرگریکردنی تۆمەتباران بڵاو نەکراوەتەوە؛ بابەتێک کە جارێکی دیکە گومانی بەکارهێنانی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجەدا بەهێزتر دەکاتەوە.

لەو چوارچێوەیەدا، ڤۆڵکێر تورک، کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ١٢ی خاکەلێوەدا داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی هەموو لەسێدارەدانەکانی لە ئێران کرد.

هەروەها ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردبوو کە هەنگاوی کاریگەرتر بنێن بۆ زیادکردنی گوشارەکان لەسەر بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی لەسێدارەدان.