کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی بەربڵاوی ئاسمانیی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر چەندین شاری ئێران

11:26 - 17 خاکەلێوه 2726

بەپێی ڕاپۆرتەکان لە شەوی ڕابردووە تا بەرەبەیانی دووشەممە ١٧ی خاکەلێوە، شەپۆلێکی هێرشی ئاسمانیی بەرفراوان لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران دەستی پێکردووە و دەیان شار بە شێوەیەکی هاوکات کراونەتە ئامانجی تەقینەوە و بۆردومانی قورس.

لە تاران، ناوچەکانی وەک لەویزان، دەوروبەری زانکۆی مالیکی ئەشتەر، نیزام ئاباد، نارمەک، تارانپارس، سەبەڵان، مەرزداران، سەلسەبیل، مەحموودئاباد، پاسداران و دەوروبەری فڕۆکەخانەی مێهرئاباد، شایەدی تەقینەوەی بەهێز بوون.

ڕاپۆرتەکان باس لە چەندین تەقینەوە لە سەلسەبیل، هێرش بۆ سەر سایتەکانی پارچین و بیدگەنە و بەرزبوونەوەی دووکەڵ لە دەوروبەری مەیدانی ئازادی و باکووری مێهرئاباد دەکەن و سیستمی بەرگریی ئاسمانیش بە شێوەیەکی بەرفراوان چالاک بووە.

لەو پەیوەندییەدا، "زانکۆی سەنعەتی شەریف" کرایە ئامانج و ئاکامدا بەشێک لەو زانکۆیە، لەوانە باڵەخانەی ناوەندی تێکنۆلۆژی و مزگەوتی دانیشکەدەکە، زیانیان بەرکەوتووە.

لە کەرەج، بەهارستانی تاران و قوم چەندی هێرشی ئامانجدار ئەنجام دراون کە ئاکامی ئەو هێرشانەدا زیاتر لە ١٠ کەس کوژراون.

هاوکات شارەکانی شیراز (لەوانە فڕۆکەخانە)، تەورێز بە تەقینەوەی زۆر بەهێز، خورەمئاوا، کرماشان، بوشێهر، ئەهواز، بەندەرعەباس، بەندەرلەنگە، بەندەرکەنگان، حاجی ئاباد و ئابادانیش کرانە ئامانج.

بەپێی سەرچاوەکان، ئەم ئۆپەراسیۆنە بەرفراوانە بە شێوەیەکی هەماهەنگ لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە ئەنجام دراوە و توندییەکەی بە بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.