ڕێژیمی ئێران لە درێژەی هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل، هێرشی کردووەتە سەر چەندین ئامانجی مەدەنی و ستراتیژی و زیانی گیانی و ماددی لێکەوتووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە نوێترین هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامیدا بۆ سەر شاری حەیفا لە ئیسرائیل، باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون پێکراوە و تیمەکانی فریاگوزاری تەرمی دوو کەسیان لەژێر داروپەردەدا دەرهێناوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ماوەی مانگێکە شارە جیاجیاکانی ئیسرائیل ڕووبەڕووی هێرشی بەردەوامی موشەکیی ئێران دەبنەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشانە، وڵاتانی کەنداویش بوونەتە ئامانجی دڕۆن و موشەکەکانی ڕێژیم. وەزارەتی بەرگری ئیمارات ڕایگەیاند کە سیستمەکانی بەرگری ئاسمانیی وڵاتەکەی خەریکی بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانن. بەرپرسانی بەندەری فوجەیرە ئاماژەیان بەوە کردووە کە دڕۆنێکی ئێرانی باڵەخانەی کۆمپانیای "دوو"ی پێکاوە کە یەکێکە لە سەرەکیترین کۆمپانیاکانی پەیوەندی و ئینتێرنێت لەو وڵاتە.
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی بەرگری عەرەبستانی سعوودی بڵاوی کردەوە کە هێزەکانیان توانیویانە دوو دڕۆنی ئێرانی لە ئاسمانی ئەو وڵاتەدا تێک بشکێنن.
ئەم پەرەسەندنانە نیشانەی تێکچوونی زیاتری باری ئەمنییەتی ناوچەکەیە و وڵاتانی ناوچەی کەنداو و ئیسرائیل لە حاڵەتی ئامادەباشی تەواودان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە دڕۆنی و موشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی.