کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان سەبارەت بە کردنەئامانجی یەکێک لە بارەگاکانیان لە سلێمانی ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، ئەو شوێنە پێشوەختە چۆڵ کرابوو، بۆیە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، شەوی ڕابردوو بارەگایەکی ئەو حیزبە لە پارێزگای سلێمانی کراوەتە ئامانج، بەڵام بەهۆی ڕێکارە ئەمنییەکان و چۆڵکردنی پێشوەختەی شوێنەکە، ڕێگری لە کەوتنەوەی قوربانی کراوە.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشان وێڕای سەرکۆنەکردنی توندی هێرشەکە، ئاماژەی بەوە کردووە کە بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی مەدەنی، پێشوەختە شوێنەکەیان چۆڵ کردووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیەوێت بە بیانووی هێرش بۆ سەر هێزە کوردییەکان، خەڵکی مەدەنی بکاتە ئامانج و قوربانی.
هەروەها جەخت کراوەتەوە کە ئەم جۆرە هێرشانە تەنیا پێشێلکردنی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکوو هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ژیان و ئەمنییەتی خەڵکی مەدەنی.