بە نزیکبوونەوە لە کۆتایی ئەو وادەیەی لەلایەن کۆشکی سپییەوە دیاری کراوە، گرژییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی لەسەر داخرانی ستراتیژیی گەرووی هۆرمۆز گەیشتووەتە ترۆپکی خۆی.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، بە زمانێکی ڕاشکاو هەڕەشەی کردووە بێتوو تاران تا ئێوارەی سێشەممە، ١٨ی خاکەلێوە ئەم ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییە نەکاتەوە، واشنگتۆن هێرشێکی بەرفراوان بۆ لەنێوبردنی ژێرخانە ئابووری و هەستیارەکانی ئێران دەست پێ دەکات.
ترامپ ڕایگەیاندووە "بێتوو ئەوان تا ئێوارەی سێشەممە کارێک نەکەن، ئیتر هیچ وێستگەیەکی کارەبایان نابێت و هیچ پرد و بینایەک بە حەواوە نامێنێت." ترامپ بە ناونانی هێمایی ئەم ڕۆژە وەک «ڕۆژی وێستگەی کارەبا و ڕۆژی پرد» جەختی کردەوە کە تەواوی دامەزراوەکانی وزە و تۆڕی گواستنەوەی ئێران دەکرێنە ئامانج.
داخرانی گەرووی هۆرمۆز لەلایەن سپای پاسدارانەوە کە ڕێڕەوی تێپەڕبوونی زیاتر لە ٢٠ لەسەدی نەوتی خاوی جیهانە، بووەتە هۆی ناسەقامگیرییەکی توند لە بازاڕی وزە و بەرزبوونەوەی نرخی جیهانیی نەوت.
لە بەرامبەردا، پێنتاگۆن بە جێگیرکردنی گرووپی هێرشبەری دەریایی و هەزاران سەربازی هێزی دەریایی ئارایشی شەڕی خۆی لە کەنداودا تۆکمەتر کردووە.
شایانی باسە کۆماری ئیسلامی کردنەوەی گەرووی هۆرمۆزی بەستووەتەوە بە وەرگرتنی قەرەبوو و ڕاگرتنی هێرشەکان؛ ئەو مەرجانەی کە واشنگتۆن بە تەواوی ڕەتیان دەکاتەوە.